شارپرێس:
لەئێران دیپلۆماتەکان پێشئەوەی بگەنە مێزی دانوستان لەگەڵ نەیارە دەرەکییەکان،
دەبێت لەجەنگی ناوخۆیی تۆمەتی خیانەت ڕزگاریان بێت، تۆرەج ئەتابەکی مێژونوسی
ناسراو، پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادەبات، ئهو دهڵێت، "لەکاتێکدا لەڕژێمی
پێشودا دیپلۆماسی قەڵغانێکی پێشوەختە بوو بۆ ڕێگریی لەقەیران، لەکۆماری ئیسلامیدا
دانوستان تەنها ئەوکاتە دەستپێدەکات کە ئاگرەکە گەیشتوەتە بنمیچو دیپلۆماتەکانیش
ناچارن لەترسی پەتو سێدارە، کەوای دیپلۆماسی فڕێبدهنو عەبای شۆڕشگێڕیی بپۆشن".
تۆرەج ئەتابەکی پرۆفیسۆری مێژوی کۆمەڵایەتی لەزانکۆی (لایدن)ی هۆڵەندا، لەچاوپێکەوتنێکدا
لەگەڵ سینا قەنبەرپور ڕۆژنامەنوس نوسەرو لێکۆڵەری ئێرانیی، تیشکدەخاتەسەر جیاوازییە
بنەڕەتییەکانی شێوازی دانوستان لەنێوان کۆماری ئیسلامیو ڕژێمی پێشودا.
ئەتابەکی ئاماژەبەوەدەکات، هەرچەندە هەردوو دەسەڵاتەکە بانگەشەی پاراستنی سەروەریی
خاکی ئێران دەکەن، بەڵام جیاوازییەکی قووڵ لەستراتیژییەکانیاندا هەیە.
بەبڕوای ئەتابەکی، لەسەردەمی پێشودا هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان پێشوەختە
بون، دیپلۆماتە ئێرانییەکان بەپشتبەستن بەیەکگرتویی لەبڕیاری سیاسیی وڵاتدا، دەوری
سەرەکییان دەگێڕا بۆ ڕێگریی لەتەشەنەسەندنی گرژییەکان، ئەمەش وایدەکرد تێچوەکان
سنورداربن.
لەبەرامبەردا، شێوازی کۆماری ئیسلامی بەجۆرێکە کە سەرەتا دەهێڵێت قەیرانەکان
بگەنە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، ئینجا پەنا بۆ مێزی دانوستان دەبات، ئەتابەکی جەختدەکاتەوە
کە ئەم دانوستانانە لەناوخۆدا پشتیوانییەکی یەکگرتویان نییە؛ هەر باڵێک تێڕوانینی
تایبەتی خۆی هەیەو هەرلادانێک لەو هێڵە سورانە، ڕاستەوخۆ وەک خیانەت لەشۆڕشو بیرۆکەکانی
ئیمام لەقەڵەمدەدرێت.
ئەتابەکی لەوێناکردنێکی سەرنجڕاکێشدا دەڵێت، "نێردراوانی کۆماری ئیسلامی
پێشئەوەی بگەنەوە ماڵەوە، ناچارن کەواو پۆشاکی دیپلۆماسی فڕیبدهنو عەبای شۆڕشگێڕی
بپۆشن، ئەمەش تەنها بۆ ئەوەی لەناوخۆی وڵاتدا ڕوبەڕوی پەتی سێدارەو تۆمەتی خیانەت
نەبنەوە، ئەم دۆخە نیشاندەدات کە دیپلۆمات لەئێراندا، لەنێوان بەرپرسیارێتیی نیشتمانیو
هەڕەشەی توندڕەوە ناوخۆییەکاندا، لەسەر لێوارێکی باریک ڕێدەکات".
