شارپرێس:
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڕۆژئاوا پێگەی سەرکردایەتی خۆی لەجیهاندا لەدەستدەداتو لەبەرامبەر وڵاتانی باشوری جیهان پاشەکشە دەکات.
پوتن لەوتارێکی ڤیدیۆییدا بۆ بەشداربوانی کۆڕبەندی (دیالۆگی کراوە) ڕایگهیاند، "شێوازەکانی پێشوو و ئەو پێوەرو یاسا چەسپاوانەی لەژیانی بازرگانیو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەبون، وردە وردە بەسەردەچن؛ ئەمەش بەهۆی ڕەفتارەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواوە کە پێگەی سەرکردایەتییان لەدەستدەدەنو مەیدانەکە بۆ ناوەندە نوێیەکانی گەشەکردن چۆڵدەکەن، کە وڵاتانی باشوری جیهانین".
هەروەها پوتن ئهوهشى وت، "هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت بەتەنها لەسەر حسابی دەوڵەتانی دیكه یان لەڕێگەی زیانگەیاندن پێیان گەشە بکات".
سهرۆكى ڕوسیا ئاماژهى بهوهشكرد، "ڕوداوەکانی ساڵانی دوایی ئەوە نیشاندەدەن کە هەموو ڕەگەزەکانی گەشەی جیهانی، لەئابورییو داراییەوە تا تەکنەلۆژیاو دیمۆگرافیا، بەشێوەیەکی گەڕانەوە نەبوو دەگۆڕێن".
سەرۆکی ڕوسیا لەکۆتاییدا ئهوهشى وت، "مۆدێلی گەشەپێدانی جیهانی کاتێک جێگیر دەبێت کە بنەمای یەکسانییو ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو وڵاتانی لەسەربێت، ئهم کۆڕبەندی دیالۆگی کراوەیهش هەنگاوێکی گرنگه بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی دادپەروەرانە بۆ گەشەپێدانی جیهانیی".
