شارپرێس:
لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامە سیاسییە نوێیەکان لەسوریا، پرسی داهاتوی هێزە چەکدارە کوردییەکانو بەتایبەت یەکینهكانى پاراستنی ژن (یهپهژه) بوەتە چەقو مژاری سەرەکیی گفتوگۆ نێودەوڵەتیو ناوخۆییەکان، ئەو هێزەی کە ڕۆژێک وەک سەرسەختترین دوژمنی داعش ناوی لەجیهاندا دەزرنگایەوە، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ پاراستنی ناسنامەو پێگەی سەربازیی خۆی.
گفتوگۆکانی دیمەشقو پرسی تێکەڵبون
وهفدێكى باڵای یهپهژه لەسەرەتای ئەم مانگەدا چونه پایتهختى سوریاو لهباڵهخانهى وهزارهتى بهرگریى سوریادا، لهگهڵ وهزیرو پلهباڵاكانى ئهو وهزارهته كۆبونهوهو دیداریان ئهنجامدا، تەوەرەی سەرەکیی کۆبونەوەکەش بریتی بوو لەچۆنێتی تێکەڵبونی ئەو هێزانە لەناو سوپای سوریادا".
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، حکومەتی سوریا کە عەقڵییەتێکی پارێزگار باڵ بەسەریدا کێشاوە، تائێستا دژی ئەوەیە یەکەی سەربازیی سەربەخۆ بۆ ژنان هەبێت، ئەمەش وایکردوە فەرماندە کوردییەکان نیگەران بن لەوەی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژن لەناوچەکەدا بکەوێتە مەترسییەوە.
شەڕڤانان: چەکدانان بێ گەرەنتی سیاسیی مەحاڵە
ڕۆکسان محەمەد وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژن لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دهڵێت، "ئێمە قوربانییەکی زۆرمانداوەو هەزاران شەهیدمان لەپێناو پاراستنی ئەم خاکە بەخشیوە، بۆیە هەر تێکەڵبونێک دەبێت پارێزگاری لەمافو تایبەتمەندییەکانی ژنان بکات".
لەبەرەکانی جەنگدا، هێشتا شەڕڤانان لەئامادەباشیی تەواودان، لەمانگی یەکی ئەمساڵەوە، زنجیرەیەک هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیا بۆسەر ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا زیادیکردوە، کە تێیدا چەندین پێشێلکاریی بەرامبەر شەڕڤانانی ژن تۆمارکراون، ئەوەش وایکردوە یهپهژه جەخت لەبەردەوامیی خەباتی خۆی بکاتەوە.
پێگەی سیاسییو کۆمەڵایەتی لە2026دا
تەنها لەمەیدانی جەنگدا نا، بەڵکو لەڕوی سیاسییەوە، ژنانی کورد ساڵی 2026یان بەساڵی بازدان بەرەو یەکسانی ناوبردوە، بهگوێرهى ڕاپۆرتەکانی حکومەتی هەرێم، ئێستا زیاتر لە 30٪ی پۆستە باڵاکانی حکومەتو پەرلەمان لەدەستی ژناندایەو ڕێژەی بەشدارییان لەدەزگا ئەمنییەکاندا گەیشتوەتە 10٪.
ئاستەنگە بەردەوامەکان
سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانە، مەترسییەکان هێشتا بەردەوامن، لەناوەڕاستی ئهم مانگهدا، هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر بنکەکانی هێزە کوردییەکان بوە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین شەڕڤان، لەوانە (نەدا میری)و (سەمیرە ئەڵڵایاری)، هاوكات دواى پاشەکشەی هاوپەیمانانو هەستکردن بەتەنها مانەوە، لەبەرامبەر ڕێککەوتنە ههرێمیهكان، گوشارێکی دەرونیو سیاسیی زۆری لەسەر فەرماندە کچەکان دروستکرد.
داهاتوی کچو ژنه شەڕڤانهكانى کورد تەنها بەستراوەتەوە بەلولەی تفەنگەکانیانەوە، بەڵکو بەستراوەتەوە بەو دانوستانە سیاسییانەی کە دیاریدەکەن ئایا جیهان ئەو هێزەی داعش پێشکێنرا، لەکاتی ئاشتیدا بەتەنها جێدەهێڵێت یان وەک بەشێکی سەرەکی لەسیستەمی نوێی ناوچەکە قبوڵیاندەکات.
ژنان لهڕۆژئاوا: دهمانهوێت بونى خۆمان بسهلمێنین
بۆ ژنه شەڕڤانهكان وهكو خۆیان باسیدهكهن، بەرەی جەنگ تەنها بۆ پاراستنی خاک نییە، (نیشتیمان) کچە شەڕڤانێکی تەمەن 24 ساڵهو دەڵێت، "ئێمە لێرە تەنها دژی دوژمنێکی دەرەکی شەڕناکەین، ئێمە دژی ئەو کۆتو زنجیرانەش شەڕدەکەین کە کۆمەڵگە هەزاران ساڵە لەدەستو پێی ژنی ئاڵاندوە، لای ئێمه، هەر فیشەکێک کە دەتەقێنرێت، هەنگاوێکە بەرەو سەلماندنی ئەوەی کە ژن، ژیان، ئازادی تەنها دروشم نییە، بەڵکو شێوازێکی نوێی ژیانە".
لەکاتێکدا جیهان بەترسەوە سەیری پێشڕەوییە تاریکەکانی داعشی دەکرد، لەسەر چیاکانی کوردستانو ناو کۆڵانە تێکشکاوەکانی کۆبانێ، دەنگێکی جیاواز بەرزبوەوە، دەنگی خشهو تهپهى پێڵاوی کچانێک کە نەیانویست ببنە قوربانیی، بەڵکو بڕیاریاندا ببنە پارێزەر، ئەمە تەنها چیرۆکی جەنگ نییە، چیرۆکی گۆڕینی ناسنامەی ژنە لەلاوازێکی ماڵەوە بۆ هێمایەکی جیهانیی خۆڕاگریی.
لهسهنگهرهكاندا كتێب دهخوێننهوه
چاودێرانو سیاسییهكان جهختدهكهنهوه، ئەو کچانە بەچەکەکانیان توانییان ئەو وێنایە بشکێنن کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ناوچەیەکی داخراو نیشاندەدا، ئەوان لەناو سەنگەرەکاندا کتێب دەخوێننەوە، گفتوگۆی سیاسیی دەکەنو فێری بنەماکانی یەکسانی دەبن، پێیانوایه، بونی ئەوان لەناو هێزە چەکدارەکاندا وایکردوه، پیاوانیش بەڕوانگەیەکی نوێوە سەیری هاوڕێ کچەکانیان بکەن، نەک وەک ڕەگەزی لاواز، بەڵکو وەک هاوسەنگەرێک کە لەکاتی تەنگانەدا پشتی یەکتر دەگرنو تهواوكارى یهكترن.
کاریگەریی ئەم کچانە تەنها لەمەیدانی جەنگدا نەمایەوە، وێنەی کچە کوردێک بەجلی کوردیو تفەنگێکەوە بوە تابلۆی سەرەکیی گەورەترین گۆڤارو میدیا جیهانییەکان، بەڵام ئەم ناوبانگە بێ باج نەبوو، سەدان کچ بونە قوربانیو هەزارانیان لەپێناو داهاتویەکی باشتردا، دەستبەرداری ژیانی ئاسایی خۆیان بون.
میراتێک بۆ نەوەکانی داهاتوو
ئەمڕۆ، کاتێک باسی ئازادی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، ناتوانرێت ناوی ژنانى ڕۆژئاوا فەرامۆش بکرێت، ئەوان نیشانیاندا کە پاراستنی نیشتیمان ئەرکێکی ڕەگەزی نییە، بەڵکو شکۆیەکی مرۆییە، ڕەنگە جەنگەکان ڕۆژێک کۆتاییان بێت، بەڵام ئەو گۆڕانکارییەی ئەم ژنانە لەعەقڵییەتی کۆمەڵگەدا دروستیانکرد، بۆ هەمیشە وەک مێژویەکی نوێ دەمێنێتەوە.
