شارپرێس:
وەزیری خەزێنەی ئەمریکا سکۆت بیسێنت هۆشداریداوە کە ئەو دامەزراوانەی مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران دەکەن، ڕووبەڕووی سزای ئەمریکی دەبنەوە. ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری" دێت کە ئامانج لێی خنکاندنی ئابووریی ئێرانە.
بیسێنت لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە ڕایگەیاند کە حکومەتە بیانییەکان دەبێت دڵنیابن کۆمپانیاکانیان هیچ خزمەتگوزارییەک، وەک دابینکردنی سووتەمەنیی، خۆراک، یان خزمەتگوزاریی چاککردنەوە پێشکەش بە فڕۆکە ئێرانییەکان ناکەن. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئێران تازە گەشتە بازرگانییەکانی دەستپێکردۆتەوە.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە 28 ی شوباتی ئەمساڵ، واشنتۆن فشارەکانی بۆسەر تاران چڕتر کردۆتەوە، بەشێوەیەک وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بەم دواییە پاکێجێکی نوێی سزای بەسەر چەندین دامەزراوە و کەسایەتیی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.
لەوانە سزای سەر پاڵاوگەی "هێنگلی" چینی و نزیکەی 40 کۆمپانیا و کەشتی بارهەڵگر کە تۆمەتبارن بە گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران، کە بە "کەشتیگەلی سێبەر" ناویان دەبەن، هەروەها بڕی 344 ملیۆن دۆلاری پەیوەندیدار بە ئێران بلۆک کراوە.
جگە لە کەرتی نەوت، ئەمریکا سزای بەسەر 14 کەس و کۆمپانیادا سەپاندووە بە تۆمەتی هاوکاریی ئێران لە بەدەستهێنانی چەک و هەوڵدان بۆ نوێکردنەوەی جبەخانەی موشەکیی بالیستیی.
سەرەڕای ئەم فشارە توندانە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێشتا کەلێن لە گەمارۆکاندا هەیە کە ڕێگە بە بەردەوامبوونی هەناردەی نەوت دەدات، ئەمریکاش جەخت دەکاتەوە کە بەبێ دوودڵی سزای هەر لایەنێکی سێیەم دەدات کە ئاسانکاریی بۆ مامەڵە بازرگانییەکانی ئێران بکات.