ئێران ڕێگایەکی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بەرەو چین دەدۆزێتەوە

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1579 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران لە هەوڵدایە لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە نەوت بۆ چین بگوازێتەوە، ئەمەش بەپێی وتەی حەمید حسێنی وتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی نەوتی ئێران.

 
سەرەڕای لێدوانی ئەم بەرپرسە ئێرانییە، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بژاردەیە بەهۆی کەمبوونی بەراوردی قازانج و توانای بەراورد بە گواستنەوەی دەریایی، لەلایەن زۆربەی هەناردەکارانی جیهانەوە پشتگوێ دەخرێت.

ئەم هەنگاوە دەرخەری قووڵیی ئەو ئاستەنگانەیە کە تاران بەهۆی گەمارۆکانی سەر هەناردەکردنی نەوتەکەی تووشی بووە، کە کەرتی نەوتی خستۆتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ پاراستنی بەرهەمهێنان.

جگە لەوەی  بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکان گوشارەکان لەسەر کەرتی نەوتی ئێران بەردەوامن، بەوپێیەی کەشتییە نەوتییەکان ناتوانن بار بکەن  و بیگوازنەوە، ئەمەش بۆتە هۆی پڕبوونی کۆگاکانی نەوت.

بەپێی وتەی بەرپرسان، تاران ناچار بووە نەوت لە کەشتییە نەوتییەکاندا کۆ بکاتەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی کێشەکە، ئێستا پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی کۆگای کۆن و وێرانبوو لە ناوچەکانی وەک ئەهواز و عەسەلویە. 

بەکارهێنانی ئەم "کۆگا کۆنانە" هەوڵێکی ناچارییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو زێدە نەوتەی کە بەرهەم دەهێنرێت و ناتوانرێت بە ئاسانی هەناردە بکرێت.