شارپرێس:
لەگەڵ پەککەوتنی دانوستانەکانی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران، زۆرێک لە چاودێران پێیانوایە ئەم دۆخەی ئێستا بەهۆی تێچووە بەرزەکەی بۆ هەردوو لا، ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، بەڵام متمانەی هەردوولا بە توانای خۆیان بۆ بەرگەگرتن و ئازارچەشتن زیاتر لە ئەوی دیکە، هەردوو لایەنەکەی خستۆتە دۆخێکی چەقبەستووەوە، کە نە جەنگە و نە ئاشتی.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی ئێران متمانەیان بە توانای خۆیان هەیە بۆ بەرگەگرتنی سەختییە ئابوورییەکان بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ترەمپ، بەڵام نیگەرانن لەوەی بەبێ پێشکەوتن لە دانوستانەکان، لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی هێرشەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیلدا دەمێننەوە.
هەروەک ڕۆژنامەی خۆراسانی ئێرانی، دۆخەکەی بە "چەقبەستوویی ستراتیژی" وەسف کردووە کە مەترسیی زۆری تێدایە، چونکە هەردوولا لە تێچووی جەنگی گشتگیر کشانەوە، بەڵام هێشتا پشت بە لۆژیکی هێز و فشار دەبەستن، ئەمەش لە جەنگی کورتخایەن مەترسیدارترە.
لە بەرامبەردا، وا دیارە دۆناڵد ترەمپ باوەڕی وایە ئەمریکا لە بەرگەگرتنی ئازاری ئابووری بەهۆی پەککەوتنی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، لە ئێران بەهێزترە.
ئێران هێشتا پێیوایە ئاڵۆزییەکانی گەرووەکە بۆ ترەمپ کێشەدارترە، چونکە کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی کاڵاکان، قەیرانی ئابووریی جیهانیی درووست دەکات و ڕەنگە ترەمپ ناچار بە دانوستان بکات.
سەرەڕای ئەوەش، ئابووریی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی قوڵ بۆتەوە و ڕاپۆرتەکان باس لە بێکاریی بەربڵاو دەکەن بەهۆی کەمیی بەرهەمهێنانی پێترۆکیمیایی و دەرمان.
ڕۆژنامەی دنیای ئابووری پێشبینی کردووە ڕێژەی هەڵاوسان لە باشترین سیناریۆدا بگاتە 49%، و هۆشداریی داوە لەوەی دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی" هەڵاوسان بۆ نزیکەی 70% بەرز دەکاتەوە، لە کاتێکدا گەڕانەوە بۆ جەنگ ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵاوسانی توند کە لە 120% تێپەڕێت.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، هەندێک ئابووریناس پێیانوایە دەسەڵاتدارانی ئێران دەتوانن بۆ ماوەی 3 بۆ 6 مانگ بەرگەی ئەم قەیرانە بگرن، تەنانەت ئەگەر ئێران بەشێوەیەکی ئابووریی لەم دۆخەدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەم بارودۆخەی "نە ڕێککەوتن و نە جەنگ"، وڵاتەکە لەبەردەم مەترسییەکاندا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.