هه‌وڵى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیارێكى به‌غدا دژى هەرێم ده‌درێت

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1437 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دکتۆر ڕێکەوت حەمە ڕەشید، لەشارپرێسەوە ئاشكرایدەكات لەهەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی عێراق بەرامبەر نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان و دەڵێت،" دەیانەوێت ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە كە تێچوی ئامێرو پێداویستییە پزیشكیيەكان بۆ نەخۆشخانەكانی هەرێم سنوردار دەكات". 

دکتۆر ڕێکەوت حەمە ڕەشید، وەزیری پێشوی تەندروستی حكومەتی هەرێم و ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلیژنەی تەندروستی لەلێدوانێكی تایبەتدا بەشارپرێسی ڕاگەیاند، لەئێستاوە لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا لەسەر خەتین و داوامان لێكردون  هەرچی پێداویستییەكیان هەیەو هەر كەموكورییەكیان هەیە كەپەیوەندیان بەبەغداوە هەیە  بۆمان دیاریبكەن تاهەوڵبدەین دابینیان بكەین.

دكتۆر ڕێكەوت باسی لەوەشكرد، لەماوەكانی ڕابردودا هەوڵیان داوەو دەرمان و پێداویستی پزیشكیان بۆ تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا دابین كردوە.

لەشارپرێسەوە پلانی ئەوەشی ئاشكراكرد كار دەكەن بۆ پێداچونەوە بەبڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی عێراق كە بەگوێرەی بڕیارەكە هەر ئامێرو پێداویستییەك نرخەكەی لەسەرو یەك ملیۆن دینارەوە بێت ناتوانن بۆ  نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستانی دابین بكەن، لەو بارەیەوە وتی،" ئێمە لەلیژنەی تەندروستی كاری جدی دەكەین بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوەو پێداچونەوەی پێدابكرێت، چونكە  نابێت جیاوازی لەنێوان نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان و هیچ ناوچەیەكی دیكەی عێراقدا بكرێت.

دكتۆر ڕێكەوت بەتایبەتیش لەبارەی نەخۆشانی شێرپەنجەوە جەختی كردەوە كەهەوڵی جدی دەدەن تا هەقی نەخۆشانی هەرێم لەو دەرمان و پێداویستیانە وەربگرن كە بەعێراق دەدرێن.

ئەمە لەكاتێكدایە، هەرێم گرفتی گەورەی كەمی دەرمان و پێداویستی پزیشكی هەیە بەتایبەت نەخۆشیە درێژخایەنەكان كە نرخی دەرمانەكانیان گرانە.