شارپرێس:
گرژییەکانی ناوچەی کەنداو چونە قۆناغێکی نوێوه،
ئهوهش دواى ئهوهى بەریتانیاو فەرەنسا ئامادەکاریی بۆ ناردنی هێزی دەریایی گەورە
دەکەن بۆ گەروی هورمز، ئێرانیش هاتهدهنگو بەتوندی هۆشداریدەداتو دهڵێت،
"هەموو جوڵەیەک بەوەڵامدانەوەى توند ڕوبەڕوو دەبێتەوە".
کازم غەریب ئابادی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی
ئێران ڕایگەیاند، ناردنی کەشتیی جەنگی لەلایەن لەندەنو پاریسەوە بەبیانوی پاراستنی
ئازادیی كەشتی دەریایی، تەنها دەبێتە هۆی سەربازیکردنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەو
ئاڵۆزکردنی قەیرانەکان، گەروی هورمز موڵکی گشتیی هێزە دەرەکییەکان نییەو تاران ڕێگەنادات
بەپیشاندانی هێز، ئاسایشی ناوچەکە تێکبدرێت.
لەلایەکی دیكهوه، بەریتانیا ڕایگەیاندوه،
کەشتیی جەنگیی "HMS Dragon" کە تایبەتە بەتێکشکاندنی
موشەک، بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتوە، ئەم هەنگاوەش بەشێکە لەپلانێکی
فراوانتر کە فەرەنسا سەرکردایەتی دەکاتو زیاتر لە 40 دەوڵەت تێیدا بەشدارن.
پاریس پێشتر فڕۆکەهەڵگری (شارل دیگۆل)ی
ناردوەتە دەریای سور وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی ئەرکێکی نێودەوڵەتی بۆ
پاراستنی كهشتیه نەوتیەکان.
ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدایە کە گەروی هورمز،
کە 20٪ی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت، بەدەست گەمارۆیەکی دەریایی توندەوە دەناڵێنێت
کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندوە، هەرچەندە باس لەئاگربەست
دەکرێت، بەڵام پێکدادانەکان نەوەستاون؛ دوایین نمونەش هێرشی هێزە ئەمریکییەکان بوو
بۆسەر دوو كهشتیى ئێرانی کە هەوڵیاندابوو گەمارۆکە بشکێنن.
ئەوروپا پلانی هەیە تەنها لەکاتی گەیشتن بەڕێککەوتنێکی
سیاسیی یان ئاگربەستێکی جێگیر، ئەرکە دەریاییەکەی دەستپێبکات، بەڵام هەڕەشەکانی
تارانو ئامادەکارییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا، ناوچەکە دەخاتەسەر لێواری تەقینەوەیەکی
نوێ کە ڕەنگە بازاڕەکانی وزەی جیهان بەتەواوی پەکبخات.
