بەغداو تاران بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی دۆسیەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لەهەرێم ڕێککەوتن

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1708 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئەمنیی نێوان عێراق‌و ئێران لەبەغدا کۆبوەوە، لەکۆبونەوەکەدا هەردولا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەچالاکییەکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە لەناوخاکی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.


به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کۆبونەوەکە بەئامادەبونی بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات بەڕێوەچوه‌، تێیدا چەندین دۆسیەی ئەمنیی جێی بایەخی هاوبەشیان، لەسەروی هەمویانەوە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات‌و دوایین پەرەسەندنە هه‌رێمیه‌كان تاووتوێکران.

لەڕاگەیەندراوەکەدا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌، لەگرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەمنییەکان‌و توندکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی سنور، ئامانجیش لەو هەنگاوە، ڕێگریکردنە لەهەر هەوڵێکی دزەکردن یان جوڵەی گروپە چەکدارییەکان کە ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایش‌و سەقامگیریی هەردوو وڵات‌و ناوچەکە.

لایەنی ئێرانی لەکۆبونەوەکەدا زانیاریی وردی لەسەر چالاکیی هەندێک گروپی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لەهەرێمی کوردستان خستوەتەڕوو، لەبەرامبەریشدا، هەردولایەنی عێراقی‌و ئێرانی هاوڕابون لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییەکان بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەم دۆسیەیە، بەشێوەیەک کە گەرەنتی ڕێگریکردن لەهەر چالاکییەک بکات کە سەقامگیریی تێکبدات.

لای خۆیەوە، قاسم ئەعرەجی وتویه‌تى، "هەڵوێستی عێراق نەگۆڕەو پشتئەستورە بەدەستورو بنەماکانی دراوسێیەتی باش، بەغدا بەهەموو شێوەیەک بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک شوێنی دەستپێک بۆ هەر کارێکی دوژمنکارانە، یان ئۆپەراسیۆنی ئەمنی‌و سەربازیی دژ بەوڵاتانی دراوسێ ڕەتدەکاتەوە".

ئەعرەجی جەختیشیکردوه‌ته‌وه‌، "عێراق پابەندە بەوەی ڕێگە بەهیچ لایەن‌و گروپێکى چه‌كدار نەدات ئاسایشی دراوسێکانی بخاتە مەترسییەوە، ئەمەش لەسۆنگەی پەرۆشیی بەغدا بۆ ڕێزگرتن لەسەروەریی وڵاتان‌و چەسپاندنی سەقامگیریی هاوبەش لەناوچەکەدا".