سودانی لەبارەی هێزە ئەمنییەکانەوە بڕیاریدا

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1091 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد شیاع سودانی ڕەزامەندی دا لەسەر گەڕاندنەوەی بەشەخۆراكی ئەو كەسانەی ناو هێزە ئەمنییەكان كەموچەكانیان لەسەروو ملیۆنێك دینارەوەیەو بەو هۆیەوە چەندین مانگە بەشەخۆراكەكانیان ڕاگیراوە.


ئەسیر داود غریری، وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی نیشانداوە لەسەر لادانی ئەو بلۆک و رێگرییەی لەسەر بەشەخۆراکی مانگانەی (بایۆمەتری) کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان هەبوو، ئەم بڕیارەش وەک رێزلێنانێکە بۆ قوربانیدانی ئەو هێزانە لە پاراستنی نیشتیمان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە لەپێناو هەماهەنگییە لەگەڵ ئەو رۆڵە نیشتیمانییە گەورەیەی، کە هێزە ئەمنییەکان بەهەموو جۆرو پێکهاتەکانیانەوە دەیگێڕن و ئەو ماندوبونەی لەپێناو خزمەتی هاوڵاتییاندا دەیکێشن.

باسی لەوەشكردوە، لەماوەی ڕابروودا وەزارەتەکەیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کارو بەدواداچونی بۆ ئەم دۆسیەیە کردوە بۆ ئەوەی مافی ئەم توێژە دابینبکرێت و بەشەخۆراکیان پێبگات.

وتوشیەتی، رێنمایی دراوە بەلایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بەزوترین کات و بەبێ وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەک، بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و هێزە ئەمنییەکانیش وەک توێژەکانی دیکە سودمەندبن لەبەشەخۆراکی مانگانە.