دوه‌م جوڵه‌ى عێراق دژى ئابورى هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4344 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەغداو ئەنكەرە قۆناغێکی نوێی هاوبەشیی ستراتیژی دەستپێدەکەن، لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا هەردولا دروستکردنی بۆرییەکی نوێی نەوت لەکەرکوکەوە بۆ تورکیا تاووتوێدەکەن کە ئامانج لێی گەرەنتیکردنی هەناردەی وزەی عێراقە بۆ جیهان‌و کاراکردنی ڕێڕەوێکی بازرگانیی سەربەخۆیە بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.


لەکۆبونەوەیەکدا لەبەغدا، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق‌و ئەنیڵ بۆرا ئینان باڵیۆزی نوێی تورکیا، پرسی دروستکردن‌و کاراکردنی بۆرییەکی نوێی گواستنەوەی نەوتیان لەکەرکوکەوە بۆ تورکیا تاووتوێکرد.

چاودێران ده‌ڵێن، ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی جدی دەبینرێت بۆ گەرەنتیکردنی هەناردەی نەوت‌و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات لەکەرتی وزەدا.

ئه‌وه‌ش ناشارنه‌وه‌، "ئەم هەوڵە نوێیەی بەغداو ئەنكەرە بۆ دروستکردنی بۆرییەکی سەربەخۆ لەکەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهان، وەک بەشێک لەستراتیژییەکی فرەوڵاتیی عێراق دەبینرێت بۆ کۆتاییهێنان بەپێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لەهاوکێشەی وزەو بازرگانیدا".

به‌بۆچونى چاودێران، "ئەم جوڵەیە تەواکەری ئەو هەوڵانەی پێشوی بەغدایە بۆ پەکخستنی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل کە لەڕێگەی کاراکردنی ڕێڕەوی ترانزێتی سوریاوە دەیەوێت بەدیلێکی بازرگانیی سەربەخۆ بۆ هەرێم بدۆزێتەوە، بەمەش بەغدا دەیەوێت نەخشەی ئابوریی ناوچەکە بەجۆرێک دابڕێژێتەوە کە کەرکوک‌و ناوچەکانی دیكه‌ى عێراق ڕاستەوخۆ بەتورکیاوە ببەستێتەوەو هەرێمی کوردستان لەچەقی هەناردەی نەوت‌و ترانزێتی کاڵاکانەوە، بگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی پەراوێزخراوو بێ داهات".

به‌گوێره‌ى زانیاریى میدیاى عێراقى، هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق باڵیۆزه‌ نوێیه‌كه‌ى توركیا له‌به‌غدا، پرسى ئاو-یش باسكراوه‌ وه‌كو دۆسیه‌یه‌كى هه‌ستیارو هەردولا جەختیان لەجێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکانی تایبەت بەڕوباری دیجلەو فوڕات کردوه‌ته‌وه‌و عێراقیش بەفەرمی ستایشی هەڵوێستی توركیاى کردوه‌ بۆ زیادکردنی بڕی ئاوی بەردراوە بۆ ناو خاکی عێراق لەماوەی ڕابردودا.

جگە لەوزەو ئاو، باسی پڕۆژەی ڕێگه‌ی گەشەپێدان کرا وەک هێڵێکی ستراتیژیی بۆ بەستنەوەی ئابوریی ناوچەکە، هەردولا ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی کۆبونەوەی خولیی لیژنە هاوبەشەکان بۆ خێراکردنی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی‌و ئاسانکاریی گومرگی.

به‌بڕواى چاودێران، ئەم جوڵە دیپلۆماسییە، ئاماژەیەکی ڕونە کە عێراق دەیەوێت لەڕێگەی تورکیاوە پێگەی خۆی وەک هەناردەکارێکی سەرەکیی وزە جێگیربکات، هاوکات دۆسیەی ئاویش بەرەو چارەسەرییەکی بنەڕەتی ببات.