ئێران بەرەو وەرچەرخانێکی ستراتیژی

توێژینەوە و شیکاریی

57 خولەک پێش ئێستا‌ 23 جار خوێندراوه‌ته‌وه


پێشەکی
ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦دا چووەتە قۆناغێکی ئاڵۆزەوە کە دەتوانرێت وەک وەرچەرخانێکى ستراتیژی وەسف بکرێت، کە نە بە شەڕێکی تەواو ڕاگەیەندراو و نە ئاشتییەکی سەقامگیر کە توانای گەڕاندنەوەی هاوسەنگی سیاسی و ئابووریی هەبێت، تایبەتمەندە. دوای ساڵانێک لە سزاکانی ئەمریکا و گرژییە ناوچەییەکان و پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، تاران چووەتە قۆناغێکی درێژخایەنی ڕەتاندنەوە، کە تیایدا قەیرانە ئابوورییەکان لەگەڵ فشارە دەروونی و ئەمنییەکان و سیاسییەکان تێکەڵ بەیەک دەبن.
پێدەچێت ژینگەی ستراتیجیی ئێستا چیتر پشت بە بڕیارنامەی سەربازی ڕاستەوخۆ نەبەستێت، بەڵکو زیاتر پشت بە بەڕێوەبردنی شەکەتکردنى هەنگاو بە هەنگاو کۆمەڵگای ئێران دەبەستێت لە ڕێگەی گەمارۆکان و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و فشارە دەروونییەکان و تێکدانی متمانەی گشتی بە توانای حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان. لە بەرامبەردا سەرکردایەتی ئێران گرەوى لەسەر خۆڕاگری ستراتیژی دەکات و قەیرانەکە دەگۆڕێت بۆ شەڕی درێژخایەنی ویست.
وەرچەرخانى ستراتیجی لە کەیسی ئێراندا
وەرچەرخانى ستراتیژی ئاماژەیە بۆ حاڵەتێکی ڕاگوزەر کە وڵاتان لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا ئەزموونی دەکەن، کە پۆتانسێلی پەرەسەندنی تێدا هەیە، لە کاتێکدا تاکتیکەکانی فشاری ناسەربازی بەردەوامن لەسەر دروستکردنى کاریگەری لەسەر ئابووری و کۆمەڵگا و سەقامگیری ناوخۆیی. لە کەیسی ئێراندا ئەم وەرچەرخانە بە چەند شێوەیەک خۆی دەردەخات، درێژەی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی بەردەوامی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل، شەڕی ئەلیکترۆنی و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی دیجیتاڵی، ناسەقامگیری لە بازاڕە دارایی و دراوییەکان، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕوونی سیاسی سەبارەت بە داهاتووی پڕۆگرامى ئەتۆمی.
ڕۆژئاوا پێی وایە کە هێشتنەوەی ئێران لەم ناوچە خۆڵەمێشیەدا ئامانجی ستراتیژی کاریگەرتر لە شەڕی ئاسایی بەدەست دەهێنێت، چونکە فشاری هەنگاو بە هەنگاو سەرچاوەکان وشکدەکات و دەبێتە هۆی شەکەت کردنێکى کۆمەڵایەتی درێژایەن.

ئابووری ئێران لە نێوان داڕمان و خۆگرتن
قەیرانی دراو و هەڵاوسان: ئابوری ئێران لە ئەنجامی گەمارۆکان و گەمارۆی سزاى نێودەوڵەتییەوە بەدەست قەیرانێکی بنەڕەتییەوە دەناڵێنێت. دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێ وێنەى نرخى خۆراک، سووتەمەنی و وزە، کرێ و خانووبەرە، دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکی. خەمڵاندنە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵاوسان لە ئاستە مەترسیدارەکان تێپەڕیوە و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر چینی ناوەڕاست دروستکردووە کە بە شێوەیەکی نەریتی پایەی سەقامگیری کۆمەڵایەتییە لە ئێراندا. جگە لەوەش، هەڵاوسانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، وایکردووە کە بازاڕی ئێران ڕۆژانە وابەستەی پێشهاتە سیاسی یان ئەمنییەکان بێت، تا ئەو ڕادەیەی کە هەواڵی جەنگ ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی دراو و زێڕ و کاڵاکان هەیە.
سزاکان و سیاسەتی خنکاندنی ئابووری: ساڵانێکە واشنتۆن پشتی بە ستراتیژی زۆرترین فشار بەستووە، کە ئامانجی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران، گۆشەگیرکردنی سیستمی بانکی ئێران، ڕێگری لە وەبەرهێنانی بیانی، لاوازکردنی سوپای پاسداران لە ڕووی ئابوورییەوە، فشاری کۆمەڵایەتی ناوخۆیی لەسەر دەسەڵات دروست بکەن. ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی دابەزینی توانای حکومەت بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری بەتایبەتی لەنێو گەنجان و دەرچووانی زانکۆدا.

شەڕی ڕەتاندن (دەروونی و ئەلیکترۆنی)
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران چیتر تەنیا لە سزاکان یان هێرشی سەربازیدا سنووردار نابێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ جەنگی تێکەڵاو کە بریتییە لە هێرشی ئەلیکترۆنی، تێکدانی ژێرخانی دیجیتاڵی، میدیا و فشاری دەروونی، دروستکردنی حاڵەتێکی ترسی ئابووری بەردەوام، بە ئامانجگرتنی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکان. ئەم شەڕە بەم شێوەیە دەرکەوتووە: نەهێشتنى هەندێک خزمەتگوزاری بانکی و دیجیتاڵی، سنووردارکردنی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی، تێکدانی بازرگانی ئەلیکترۆنی، دابەزینی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و زیادبوونی کۆچی مرۆیی و سەرمایە. شارەزایانی ئەمنی پێیان وایە بە ئامانجگرتنی ئابووری دیجیتاڵی ئێران نوێنەرایەتی هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی کەرتە مۆدێرنەکان کە توانای دروستکردنی چینێکی مامناوەندیان هەیە کە لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆن لە دەوڵەت.

ناڕەزایەتی و توڕەیی بەربڵاوی گشتی
چەندین شاری ئێران وەک تاران، ئەسفەهان، شیراز و مەشهەد، شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی پەیوەست بە بارودۆخی ئابووری و گوزەرانیان بەخۆیەوە بینیوە. لە دیارترین هۆکارەکانی ناڕەزایەتییەکان بریتین لە بەرزبوونەوەی نرخەکان، داڕمانی هێزی کڕین، بێکاری، دابەزینی بەهای مووچە، گەندەڵی کارگێڕی، نەبوونی ئاسۆی سیاسی. بازاڕ و دوکانەکان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە قەیرانی ئابووری دەرگاکانیان داخست، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ناڕازیبوون لە دۆخى ئابوورى. دەسەڵاتدارانی ئێران ترسیان لەوە هەیە کە بەردەوامی تێکچوونی ئابووری ناڕەزایەتییەکان لەسەر بارودۆخی ژیان بگۆڕێت بۆ ناڕەزایەتی سیاسی کە مەترسی لەسەر شەرعیەتی ڕێژیم دروست بکات.



ستراتیژی ڕژێمی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان
سەرکردایەتی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو گوشارانە پشت بە چەند ستراتیژێک دەبەستێت:
گوتارێکی خۆڕاگری: دەوڵەت هەوڵ دەدات قەیرانەکە وەک بەشێک لە شەڕی سەروەری دژی هەژموونی ئەمریکا و ئیسرائیل نیشان بدات، بە ئامانجی بەهێزکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی.
کۆنترۆڵی ئاسایش: دەسەڵاتداران پشت بە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان دەبەستن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان و ڕێگرتن لە پەرەسەندنیان بۆ جموجوڵی بەربڵاو.
ڕۆڵى ئابووری: ئێران هەوڵى پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین، پەرەپێدانی هاوکاری لەگەڵ ڕووسیا، کەڵک وەرگرتن لە تۆڕەکانی بازرگانی نافەرمی و پشت بە ئابووری هاوتەریب دەبەستێت.
بەڕێوەبردنی کات: تاران گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە گۆڕانکاری لە سیاسەتی نێودەوڵەتی یان هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ڕەنگە لە داهاتوودا فشارەکان کەم بکاتەوە.

سیناریۆکانی داهاتوو
سیناریۆی یەکەم: ڕەتاندنى درێژخایەن، ئەم سیناریۆیە زۆرترین ئەگەری هەیە، کە سزا و گوشارەکان بەبێ ڕوودانى شەڕێکی تەواو بەردەوام دەبن و ئابووری ئێران لە دۆخێکی شەکەتى درێژخایەندا دەهێڵێتەوە. دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان بریتی دەبن لە نەمانى چینی ناوەڕاست، زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان، بەرزبوونەوەی کۆچکردن، لاوازبوونی وەبەرهێنان و بەردەوامی ناسەقامگیری دراو.
سیناریۆی دووەم: ڕاپەڕینی ناوخۆیی، داڕمانی ئابووری دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونى شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەربڵاو کە توانای دەوڵەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان تێدەپەڕێنێت، بە تایبەت ئەگەر دووبەرەکی ناوخۆیی یان شکستی ئەمنی لەگەڵدا بێت. بەڵام ئەم سیناریۆیە بەهۆی بەهێزی دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران هێشتا ئەستەمە.
سیناریۆی سێیەم: یەکلاییکردنەوەی سیاسی، ڕەنگە ئێران و ڕۆژئاوا بەرەو ڕێککەوتنێکی ڕێژەیی هەنگاو بنێن کە سزاکان سووک بکات لە بەرامبەر ئیمتیازاتی سنووردارکردنی تواناى ئەتۆمی یان ناوچەییدا. بەڵام چانسی ئەم سیناریۆیە بەندە بە هاوسەنگییە سیاسییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.

کاردانەوەی ناوچەیی
درێژەی قەیرانی ئێران کاردانەوەی لەسەر چەند پرسێکی ناوچەیی دەبێت لەوانە ئاسایشی کەنداو، عێراق، لوبنان، نرخی جیهانی وزە و چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران. جگە لەوەش هەر لاوازییەکی ناوخۆیی لە ئێراندا دەتوانێت کاریگەری لەسەر پێکهاتەی بەرەى موقاوەمە هەبێت کە تاران بۆ سیاسەتی ناوچەیی پشتی پێ دەبەستێت.
ئەنجام
لە ئێستادا ئێران بە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکاندا گوزەردەکات، کە شەڕی ئابووری لەگەڵ فشارە دەروونی و ئەمنییەکان لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی درێژخایەنی ڕەتاندندا تێکەڵ بەیەک دەبێت. لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل گرەو لەسەر لاوازکردنی ئێران لە ناوخۆدا دەکەن بە شێوەى هەنگاو بە هەنگاو، تاران لە ڕێگەی ڕیتۆریکی خۆڕاگری و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی پاراستنی یەکگرتوویی خۆی دەدات.
بەڵام بەڕدەوامی داکشانی ئابووری، بەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان و داڕمانی متمانەی کۆمەڵایەتی دەتوانێت قەیرانه که له ئاڵنگاری ئابوورییه وه بگۆڕێت بۆ هەڕەشەیەکی ستراتیجی بۆ سەقامگیری ناوخۆی ئێران.
پرسیارە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیەە: ئایا ئێران دەتوانێت خۆڕاگری خۆی وەربگێڕێت بۆ سەقامگیرییەکی بەردەوام، یان ئەم شەڕى ڕەتاندە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دووبارە داڕشتنەوەیەکی قووڵتری دیمەنی ناوخۆیی و ناوچەیی؟