وه‌فدێكى باڵای هەرێم دەچێتە بەغدا

کوردستان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1471 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردوه‌تەوە، بڕیاروایه‌ ئەمڕۆ چوارشەممە وه‌فدێكى باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بچێتە بەغدا.


به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، وه‌فده‌كه‌ لەکەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران‌و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران پێکدێت.

وه‌فده‌كه‌ گفتوگۆی جدی لەسەر دەستپێکردنەوەو زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت دەکات، چونکە ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر موچەی هاوڵاتیانی هەرێم دەبێت‌و بەغدا پابەند دەکات بەناردنی موچە لەکاتی خۆیدا.

هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەهۆی هێرشەکانی "گروپە عێراقییەکان"و هێزەکانی نزیک لەئێرانەوە کە کۆمپانیاکانی ناچار بەڕاگرتنی کارەکانیان کرد، لە 200 هەزار بەرمیلەوە بۆ 20 هەزار بەرمیل کەمبوەتەوە.

پێشتر ئومێد سەباح ڕایگەیاندبوو، دوای جەژنی قوربان وه‌فدێكى باڵا لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیا بیانییەکان سەردانی بەغدا دەکەن بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی. 

کۆمپانیا بیانییەکان داوای گەرەنتی فەرمییان لەحکومەتی عێراق کردوە بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان‌و بەئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکان، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانیش بەشەخسی بەڵێنی دابینکردنی ئەو گەرەنتییانەی بۆ پاراستنی کێڵگەکان‌و کۆمپانیاکانداوە.