کەنەکە پشتیوانی کەمپینی "هەر ماڵێک ببێتە قوتابخانەیەکی زمانی کوردی" دەکات

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1084 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ کەمپینی "هەر ماڵێک ببێتە قوتابخانەیەک بۆ زمانی کوردی" ڕاگەیاند، کە لەباکوری کوردستان دەستیپێکردوە، کەنەکە لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا وێڕای پیرۆزبایی، کەمپینەکەی بەهەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی وەسفکردوه‌.


کۆمسیۆنی زمان‌و کولتورو پەروەردەی کەنەکە ڕایگەیاندوە، زمانی کوردی ناسنامەو وڵاتی ڕاستەقینەی کوردانە، لەبەرئەوەش پاراستنی زمانەکەی بەئەرکێکی نەتەوەیی، نیشتمانی‌و ئەخلاقی لەقەڵەمداوە، جەختده‌كاته‌وه‌، "بەم هەنگاوە داهاتوی زمانی نەوەکانی داهاتوو مسۆگەرتر دەبێت".

لەبەیاننامەکەدا چەند داواکاریی‌و بانگەوازێک ئاڕاستەی لایەنە جیاوازەکان کراوەو ده‌ڵێت، "بانگەواز بۆ خێزانەکان، تەواوی خێزانەکانی باکوری کوردستان ماڵەکانیان بکەنە فێرگەی زمانی کوردی، بۆ میدیاکانیش پێویسته‌ سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن ببنە هاوکارو بەشدار لەسەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا".

كه‌نه‌كه‌ له‌بانگه‌وازێكدا بۆ ڕاى گشتیی داوایكردوه‌، "کوردانی سەرتاسەری جیهان‌و پارچەکانی دیكه‌ى کوردستان بەشێوەیەکی بەفراوان بەشداریی کەمپینەکە بکەن".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا کەنەکە داوایکردوە، دەبێت زمانی کوردی لەدەستورو یاساکانی دەوڵەتانی تورکیا، سوریاو ئێراندا بەفەرمی بناسرێت، هاوشێوەی ئەوەی لەدەستوری عێراقی فیدراڵدا هەیە، دەبێت مافی خوێندن، نوسین‌و دەربڕین بەزمانی کوردی لەتەواوی دامەزراوەکانی ئەو وڵاتانەدا بۆ کوردان دەستەبەربکرێت.