کوەیت دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی دەردەکات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 109 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند، مۆڵەتی 24 کاتژمێری دراوەتە دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی بۆ ئەوەی خاکی وڵاتەکەی جێبهێڵن.


وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، لەڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، حەمەد سولەیمان مەشعان، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، بانگهێشتی حامد حەمید، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئێرانی کرد.

لەڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە، کە یاداشتێکی ناڕەزایەتیی فەرمی دراوەتە هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئێران، سەبارەت بەبەردەوامیی هێرشەکانی تاران، هاوکات بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی ئەو باڵیۆزخانەیەی لەوڵاتەکەدا پێگەیەندراوە.

بەگوێرەی  ڕاگەیەنراوەکە، دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی، کە کوەیت بەناپەسەند لەقەڵەمی داون، داوایان لێکراوە لەماوەی 24 کاتژمێردا خاکی وڵاتی کوەیت جێبهێڵن.

لەلایەکی دیکەوە، جێگری وەزیری دەرەوەی کوەیت ڕونی کردەوە، "ئەم بڕیارە دوای بەردەوامیی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران دێت بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەندین دامەزراوەی مەدەنی و هەستیاریان کردە ئامانج، لەناویاندا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت."

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەهۆی ئەم هێرشانەوە کەسێک گیانی لەدەست داوەو دەیان هاووڵاتیی مەدەنیش بریندار بوون، سەرباری زیانی ماددی بە دامەزراوە هەستیارەکان و بارەگا دیپلۆماسییەکان.

هاوکات دوپاتی کردەوە، کە کوەیت بەتوندترین شێوە هێرشەکانی ئێران سەرکۆنە دەکات و بە توندی رەتی دەکاتەوە کە خاک و ئاسمانەکەی لەهەر کردەوەیەکی دوژمنکارانەدا دژی هەر وڵاتێک بەکاربهێنرێت. 

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، جەختی لەمافی تەواو و رەوای وڵاتەکە کردەوە لەبەرگریکردن لەخۆی و گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش، خاک، ئاسمان، و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و نیشتەجێبووانی وڵاتەکەی لەبەرامبەر ئەم رەفتارە دوژمنکارانە سیستماتیكیانەدا، بە شێوەیەک کە تەواو هاوتەریب بێت لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا".