زەیدیی بڕیارێکی بەپەلەی لەبارەی هەرێمەوە دەرکرد.. لەسبەینێوە جێبەجێ دەکرێت

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 16226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم لەسبەینێوە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە، هەروەها بڕیاریدا ژینگەیەکی لەبار بۆ ئەو کۆمپانیایانە فەراهەم بکرێت و پێداویستییە سەرەکییەکانیان بۆ دابین بکرێت.


شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت و ژمارەیەک لەنوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبونەوەکەوە دەڵێت، عەلی زەیدیی سەرک وەزیران گۆێبیستی وردەکاری کاری کۆمپانیا نەوتییەکان بوو، بەتایبەت لەکاتی ئەو ڕوداوانەی لەئەنجامی جەنگ لەناوچەکە رویاندا، هەروەها تێڕوانینی خۆشی بۆ دەستپێکردنەوەی کاری ئەو کۆمپانیا نەوتییانە لەزوترین کاتتدا خستەڕوو.

بەپێی راگەیەنراوەکە، عەلی زەیدیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە سەرجەم پێویستییەکان بۆ زامنکردنی کاری کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم دابین بکەن.

عەلی زەیدیی راشیگەیاند، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت لەرێی گەروی هورمزەوە زیانێکی گەورە بەر ئابوری عێراق کەوتوە، بۆیە دەبێت هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانانە، ئەویش لەرێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رێگرن لەبەردەم زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی راشیگەیاند، عەلی زەیدیی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی راسپارد لە سبەینێوە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە.