شارپرێس:
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم
وەڵامی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دەداتەوەو بە بێلایەن تۆمەتباریان
دەکات، راشیدەگەیەنێت، روبەڕوی ستەم و زۆرداری بونەتەوە و لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشکراون.
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لەڕاگەیەنراوێکدا
ئاماژەی بەوەکردوە، سەرەڕای ئەوەی بە هەموو مەرجەکانی حکومەت و لێژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق رازی بون،
بەڵام لە ساڵی 2007ـەوە و لە سەرەتای وەرگرتنی مۆڵەتەکەیان، روبەڕوی ستەم و زۆرداری بونەتەوە و لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشکراون .
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان کۆڕەک و دەستەی راگەیاندن، پەیوەندی بە ئەستۆپاکی باجەوە هەیە،
لەوبارەیەوە کۆڕەک تیلیکۆم
دەڵێت: "دەستەکە رێگری خستوەتە بەردەم جێبەجێکردنی گرێبەستی پێکهاتن (التسویة)، ئەویش بەهۆی رەتکردنەوەی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باجی هەرێمی کوردستان، کە شوێنی سەرەکیی دامەزراندنی کۆمپانیاکەیە."
کۆڕەک تیلیکۆم راشیدەگەیەنێت، ئەوان هەموو رێکارە یاساییەکانیان گرتوەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام دەستەی راگەیاندن و گەیاندن "بە ئەنقەست" نووسراوە فەرمییەکانی باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنی حکومەتی پشتگوێ خستووە و پەنای بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بردووە لە رێکەوتی 02-06-2026.
کۆڕەک تیلیکۆم دەشڵێت،" ئێمە جددی بوین لەچارەسەرکردنی کێشەکان و پەیوەندییەکانمان تاوەکو 31-05-2026 بەردەوام بوە، تەنانەت دوای جەژنی قوربان، وەفدێکی باڵای کۆمپانیا چونەتە بەغدا بۆ بینینی سەرۆکی دەزگای جێبەجێکار، بەڵام ناوبراو لە کات و ژوانە دیاریکراوەکە خۆی دزیوەتەوە."
