مەرگی تەمومژاویی پێشمەرگەیەکی دێرین لەزیندانی هەولێر؛ لەنێوان گومانی کەسوکارو گێڕانەوەی پۆلیسدا

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 35717 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای 64 ڕۆژ لەبێسەروشوێنبون‌و چاوەڕوانییەکی تاڵ، دۆسیەی دەستگیرکردنی پێشمەرگەیەکی دێرینی هێزەکانی زێرەڤانی، بەگەڕانەوەی تەرمەکەی بۆ خاک‌و دروستبونی شەپۆلێک لەپرسیارو گومان کۆتاییهات، کەیسێک کە ئێستا ڕای گشتیی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوەو کەسوکارەکەی پەنجەی تۆمەت بۆ شێوازی مامەڵەکردنی دەزگا ئەمنییەکان ڕادەکێشن، لەبەرامبەریشدا پۆلیسی هەولێر بەفەرمی هاتە دەنگ.


گەشتێک بەرەو نادیار؛ 64 ڕۆژ بێدەنگی
ئاسۆ مەجید قادر پێشمەرگەی دێرین (پیشەی پاسەوانی لەلقی 4ی پارتی لەسلێمانی)، ڕۆژی 2ی نیسانی 2026 بەفەرمانی بەرپرسەکەی، ڕوی لەشاری هەولێر کرد، بەو هیوایەی ئێوارە بگەڕێتەوە باوەشی خێزانەکەیی‌و سێ منداڵەکەی، بەڵام لەبازگەی دێگەڵە، گەشتەکەی کۆتایی پێهات‌و دەستبەسەرکرا.

بۆ ماوەی دوو مانگ، خێزانەکەی لەنێوان سلێمانی‌و هەولێر هاتوچۆیان دەکرد، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، "تەنها دەستی دەستییان پێکراوە"و ڕێگەی نیشاندانی یەک پەیوەندی تەلەفۆنیش بەدیلەکەیان نەدراوە.

دیدارێک کە بەتەرم کۆتاییهات
ڕۆژی شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، هیوایەک لەدڵی خێزانەکەی چەکەرەی کرد کاتێک ئاسایشی هەولێر پەیوەندی پێوەکردن‌و داوای لێکردن، تەنانەت منداڵەکانیشی لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ بینینی باوکیان، بەڵام کاتێک گەیشتنە شوێنی مەبەست، لەبری دیداری باوک، تەرمی ساردی ئاسۆیان ڕادەستکرایەوەو پێیانڕاگەیەندرا، ناوبراو "خۆی خنکاندوە".

ئەم گێڕانەوەیە ڕەخنەو گومانی توندی براو هاوسەری کۆچکردوی لێکەوتەوە، کەسوکارەکەی دەپرسن، "چۆن کەسێک کە 35 ساڵ خزمەتی هەبوەو چاکەو خراپەی لەخۆیدا شکنەبردوە، لەناو زیندانێکدا کە هیچ هۆکارێکی تێدانییە، بتوانێت خۆی بخنکێنێت؟".



پۆلیسی هەولێر: به‌گوێره‌ى بەڵگەکان کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە
لەبەرامبەر ئەم شەپۆلە لەگومان‌و ناڕەزایەتییە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە، پۆلیس ڕایگەیاند، ئاسۆ مەجید (لەدایکبوی 1977) به‌گوێره‌ى مادەی یەکەم لەیاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 (کە تایبەتە بەتاوانەکانی دژ بەئاسایشی نیشتمانی) فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوەو لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە ڕاگیراوە.

به‌گوێره‌ى بەیاننامەکەی پۆلیس، ناوبراو لەڕێکەوتی 5ی حوزەیرانی 2026، کاتژمێر 12:20ی نیوەڕۆ لەناو گرتوخانەدا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە، پۆلیسی هەولێر جەختدەکاتەوە، تیمی نەهێشتنی بەڵگەی تاوان‌و ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریی، بەپشتبەستن بەبەڵگەی سەلمێنراو، ڕوداوی خۆکوشتنەکەیان پشتڕاستکردوەتەوە.

کۆتاییەکی غەمگین بۆ خزمەتێکی درێژخایەن
ئاسۆ مەجید کە دوای 35 ساڵ لەپێشمەرگایەتی، ئێستا خێزانێکی سەرگەردان‌و سێ منداڵی بێباوکی جێهێشتوە، چیرۆکەکەی بوە بەبەشێک لەو کەیسە ئاڵۆزانەی کە لەنێوان لێکۆڵینەوەی فەرمی‌و هاواری کێشەی نادادپەروەریی خێزانەکاندا، پێویستی بەشەفافییەت‌و لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە هەیە بۆ دەرخستنی تەواوی ڕاستییەکان.