لەکۆبانێ هەسەدە و هێزەکانی سەر بەدیمەشق روبەڕوی یەکتر وەستاونەتەوە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 879 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەی چەند رۆژێکە هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەیانەوێت گوندەکانی باشوری کۆبانێ کێۆماڵ بکەن، هێزەکانی هەسەدە رێگری دەکەن و دژی جموجوڵەکانی ئەو هێزانە وەستاونەتەوە.


پەیامنێری شارپرێس لەرۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئەو گوندانەی هێزەکانی دیمەشق دەیانەوێت کێوماڵی بکەن دەکەونە نزیک پردی قەرەقۆزاق لەباشوری کۆبانێ و سەرجەمیان دانیشتوانەکەی کوردنشینن، لەئێستاشدا گفتوگۆکان لەنێوان هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق بەردەوامن بۆ ئەوەی روبەڕوبونەوەی سەربازی ڕونەدات.

شارپرێس زانیویەتی، بەهۆی ئەوەی ئەو گوندانە کوردنشینن، هێزەکانی هەسەدە بە هێزەکانی سوریایان وتوە بۆ ئەوەی ترس لە دڵی خەڵکی ناوچەکە دروست نەبێ، پێویست ناکات ‌هێزەکانی دیمەشق بەتەنها کێوماڵی ئەو گوندانە بکەن، بەڵکو هەر کێشەیەکی ئەمنی هەبێت دەتوانن هەردولا بەهەماهەنگی ئۆپرسیۆن و هەڵمەتی سەربازی ئەنجام بدەن.

پەیامنێری شارپرێس وتیشی،" تاکو ئێستا هەسەدە و هێزەکانی دیمەشق نەگەیشتون بە ڕێکەوتن و هەردولا هێزیان روبەڕوی یەکتر جوڵاندوە ".