شارپرێس:
لەڕێگەی بانکێکی زانیاریی هەواڵگریی زەبەلاحەوە؛ عێراق چەندین پهلامارى تیرۆریستیی جیهانی لەفەرەنساو ئیسپانیا پوچەڵدەکاتەوەو فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش کۆتاییهاتنی سەردەمی داعشی لەناوچەکەو سەقامگیریی هەمیشەیی وڵات ڕادەگەیەنێت.
عەمید سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشكرایكردوه، دۆخی ئەمنیی وڵات گەیشتوەتە قۆناغی سەقامگیریی هەمیشەیی، ئەمەش دوای پێداچونەوەی وردو سودوەرگرتن لەوانەکانی قۆناغی کەوتنی موسڵ، دهشڵێت، "بەهۆی کەرتی هەواڵگریی بەهێزی عێراقەوە، ڕێگریی لەچەندین پهلامارى تیرۆریستی نێودەوڵەتی کراوە".
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژهى بهوهشكرد، "عێراق بەهۆی دەستبەسەرکردنی چەکدارانی داعش لەکاتی ڕزگارکردنی موسڵدا، بانکێکی زانیاریی زەبەلاحی پێکهێناوە، ئەم زانیارییانە دراونەتە وڵاتانی جیهانو بونەتە هۆی پوچەڵکردنەوەی چەندین کردەوەی تیرۆریستی کە بڕیاربوو لەفەرەنساو ئیسپانیا ئەنجامبدرێن".
نوعمان ئهوهشى وت، "فەتوای مەرجەعیەتو دامەزراندنی حەشدی شەعبی هاوبەشێکی سەرەکی بوو لەبەدیهێنانی سەرکەوتندا، گروپه تیرۆریستییەکان لەموسڵ پێکهاتبون لەچەکدارانی زیاتر لە 67 ڕەگەزنامەی جیاوازی بیانی، بۆیە ڕزگارکردنی شارەکە بوە قەڵایەکی پاراستن بۆ تەواوی ناوچەکەو جیهان".
جهختیشیكردهوه، "لەئێستادا بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، هێزە ئەمنییەکان بەتەکنەلۆژیای پێشکەوتوی هەواڵگرییو چەکی گونجاو پڕچەککراون، لەلایەکی دیكهوه، هۆشیاریی فیکریی هاوڵاتیان وایکردوە کە خۆیان ببنە سەرچاوەی زانیارییو پاڵپشتی سەرەکی هێزە ئەمنییەکان".
