شارپرێس:
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران کۆتاییهاتنی سەردەمی باڵادەستیی ئەمریکا لەناوچەکە ڕادەگەیەنێت، دهشڵێت، "بهگۆڕانکاریی توندو پەشیمانکەرەوە، هاوکێشە ئەمنییەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ هەمیشە گۆڕانیان بهسهرداهاتوه".
غوڵام حوسێن موحسینی ئیژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، ڕێکخستنە ئەمنییەکانو هاوکێشە ستراتیژییەکان لەناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) گۆڕانکاریی بنەڕەتییان بەسەرداهاتوەو چیتر ناگەڕێنەوە بۆ ئەو دۆخەی کە لەڕابردودا هەبوو.
ئیژەیی لەکۆبونەوەی بەرپرسانی باڵای دادوەریدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ناتوانن ههژمونیو دەسەڵاتی پێشوی خۆیان لەم ناوچەیەدا بسەپێننەوە.
وتیشى، "بەرەی بەرگریکردن لەناوچەکەدا بەهێزتربوەو نەخشەی سیاسییو ئەمنیش گۆڕاوە، وەڵامەکانی ئێرانیش بۆ هەر هێرشو دەستدرێژییەک، یەکلاکەرەوە، توندو پەشیمانکەرەوە دەبن".
جهختیكردهوه، "بەرگریکردن لەخاکو وڵات، بەشێکە لەپاراستنی کەرامەت، شەرەفو ناسنامەی نیشتمانی، ههربۆیه ئێران بەردەوامدەبێت لەپاڵپشتیکردنی خەڵکی فەڵەستینو لوبنان لەدژی هێرشەکانی ئیسرائیل".