شارپرێس:
سوپای سوریاو هێزەکانی هەسەدە لەباشوری کۆبانێ
هێز بەرامبەر یەک دەجوڵێننو دۆخەکە بەرەو تەقینەوە دەچێت؛ سەرکردایەتیی کوردیش
ناوچەکە بە"هێڵی سور" ناودەباتو ئامادەباشیی گشتیی بۆ شەڕڤانان لەدژی هەر
جوڵەیەکی تاکلایەنەی دیمەشق یان دەستێوەردانی تورکیا ڕادەگەیەنێت.
گرژییەکی توندی سەربازی ناوچە کوردنشینەکانی
گوندەواری باشوری کۆبانێی گرتوەتەوە، بەتایبەت ئەو گوندانەی دەکەونە نزیک پردی
ستراتیژیی قەرەقۆزاق، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بەحکومەتی دیمەشق بەبێ هەماهەنگیی
پێشوەختە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشو ئاسایشی گشتیی، هەوڵیاندا کێوماڵو پشکنین لەناوچەکەدا
ئەنجامبدەن.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەتوندی ئەم
پێشێلکارییە ئەمنییەی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، بۆ ڕێگریکردن لەدروستبونی ترسو دڵەڕاوکێ
لەدڵی خەڵکی ناوچەکەدا، پێویستناکات هێزەکانی دیمەشق بەتەنها بچنە ناو ئەو گوندە
کوردنشینانەوە، بەڵکو هەر کێشەیەکی ئەمنی هەبێت، دەبێت هەردولا بەشێوازی هاوبەشو
بەهەماهەنگی ئۆپەراسیۆنی بۆ بکەن.
بەهۆی ئەوەی تائێستا هەسەدەو هێزەکانی دیمەشق نەگەیشتونەتە
هیچ ڕێککەوتنێک، هەردولا هێزی سەربازیی گەورەیان بەرامبەر یەکتر جوڵاندوەو مەترسیی
ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریی لەهەر چرکەیەکدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆکانیان لەپشت پەردەوە
بۆ ڕێگریکردن لەشەڕ بەردەوامە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییە مەیدانییە، سەرچاوە
ناوخۆییەکان ئاشکرایدەکەن، تورکیاش دەیەوێت ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە بقۆزێتەوەو لەڕێگەی
جوڵاندنی هێزە چەکدارەکانو ئەو عەشیرەتانەی لایەنگریی دەکەن، ئاگرەکە خۆشتر بکات،
تاوەکو لەو ڕێگەیەوە پڕۆسەی ڕێککەوتنی یەکگرتن کە لەئێستادا لەناوچەکە بەڕێوەدەچێت
بەتەواوی لەبارببات.
لەسەر بنەمای ئەم مەترسییە گەورەیە، سەرکردایەتیی
کوردیی، ناوچەکەی وەک هێڵی سور ناساندوە کە بەهیچ جۆرێک ڕێگە بەدەستێوەردانی بیانی
تێدا نادرێتو پەیامێکی بەپەلەو توندی ئاڕاستەی سەرجەم شەڕڤانانو هێزە ئەمنییەکان
کردوە بۆ ئەوەی لەوپەڕی ئامادەباشی گشتیدابن بۆ وەڵامدانەوەی هەر پێشهاتێک.
هاوکات لەگەڵ ئەم دۆخە سەربازییە توندە،
دانوستانو گفتوگۆ لەنێوان سەرکردایەتیی کوردو حکومەتی دیمهشقدا بەردەوامە بەمەبەستی
دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسیی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەو خاوکردنەوەی گرژییەکان پێش
تەقینەوەی تەواوەتی دۆخهكه.