لەبارەی كەیسەكەی دكتۆر عەبدول لەتیفەوە زانكۆی سلێمانی لیژنەیەكی باڵای لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 404 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:
لەڕوونكردنەوەیەكدا سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند، سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی وەك دامەزراوەیەكی فەرمی و ئەكادیمی، جەخت لەسەر پاراستنی پرەنسیپەكانی یاسا و شەفافییەت دەكاتەوە لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان كەیسێك كە پەیوەندی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانی زانكۆوە هەبێت.

لە رونكردنەوەكەدا هاتووە "سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان) بڵاوبوونەتەوە، سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی وەك دامەزراوەیەكی فەرمیی و بەپێی ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییە بەركارەكان، ڕێكاری پێویستی گرتووەتەبەر و ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٦/٦/١٨ لیژنەیەكی باڵای لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە".

ئاشكراشیكردووە "ئەم لیژنەیە بەچاودێری داواكاری گشتی كارەكانی خۆی ئەنجام دەدات، لەم سۆنگەیەوە، زانكۆی سلێمانی بە وردی بەدوای دەرخستنی ڕاستییەكاندا دەچێت و پڕۆسەی لێكۆڵینەوەكە تاگەیشتن بە ئەنجامی كۆتایی بەردەوام دەبێت، هاوكات هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك هەبێت، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی بەرامبەر دەكرێت".

سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی دەشڵێت  "دەرەنجامی كارەكانی ئەم لیژنە هەرچییەك بێت، بەشێوازێكی شەفاف بۆ ڕایگشتی بڵاودەكرێتەوە".