پلەی گەرما به‌رزده‌بێته‌وه‌و ده‌گاته‌ نیوه‌ى كوڵان

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2413 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی کەشناسی‌و بومەلەرزەزانیی عێراق ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بەکاریگەریی یەکەم شەپۆلی گەرمای هاوینە بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لەهەفتەی کۆتایی ئەم مانگەدا پلەکانی گەرما لەشارەکانی باشور دەگەنە نیوەی پلەی کوڵان (50 پلەی سەدی).


بەگوێره‌ى ڕاپۆرتی فەرمی دەستەکە، نوێترین نەخشەکانی کەشناسیی ئاماژە بەوەدەکات، عێراق لەکۆتایی مانگی حوزەیراندا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی یەکەم شەپۆلی گەرمای هاوینەی ئەم وەرزە، ئەمەش لەئەنجامی زیادبونی کاریگەریی (قوبەی گەرمی ـ Heat Dome) بەسەر ناوچەکەدا.

دەستەی کەشناسی پێشبینیدەکات، پلەکانی گەرما لەکۆتایی مانگدا بەشێوەیەکی پلە بەپلە بەرزببنەوە؛ بەجۆرێک لەکاتەکانی نیوەڕۆدا لەشارەکانی باشور دەگەنە 50 پلەی سەدی‌و لەشارەکانی ناوەڕاستیش لەبەربەستی 50 پلە نزیکدەبنەوە، هاوکات پلەکانی گەرما لەناوچەکانی هه‌رێم بەبەراورد بەناوچەکانی دیكه‌ نزمتر دەبن، بەڵام هەر لەسەروی تێکڕای ئاسایی خۆیانەوە دەمێننەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، کەشوهەوا لەڕۆژدا زۆر گەرم دەبێت، لەکاتێکدا لەکاتەکانی درەنگانی شەوو بەره‌بەیانی زودا، بەتایبەت لەناوچە بیابانی‌و کراوەکاندا، کەشەکە تاڕادەیەک مامناوەند دەبێت، چاوەڕوانیشدەکرێت (با) بەزۆری لەئاڕاستەی باکوری ڕۆژئاواوە بەخێراییەکی مامناوەند هەڵبکات‌و هۆکاربێت بۆ بەرزبونەوەی تۆزوخۆڵێکی سوک بۆ مامناوەند لەهەندێک شوێندا.

کەشناسی ئەم دۆخە بەیەکەم نیشانەی ڕاستەقینەی چونە ناو قۆناغی گەرمای هاوینە دادەنێت کە بەزۆری لەناوەڕاست یان کۆتایی حوزەیرانەوە تا کۆتایی مانگی ئاب بەردەوامدەبێت.

هاوکات دەستەی کەشناسی هۆشداریداوە لەبەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر لەکاتەکانی تینی گەرمادا، بەتایبەتی لەنێوان کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ بۆ 4ی ئێوارە، له‌گه‌ڵ زیادبونی تێكچونى ته‌ندروستى زۆرێك له‌هاوڵاتیان بەتایبەت لای بەساڵاچوان، منداڵان‌و کرێکارانی ژێر تیشکی خۆر؛ بۆیە ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکات لەڕۆژدا لەماندوبونی جەستەیی قورس دوربکەونەوە.

لەکۆتاییدا کەشناسی ڕێنمایی هاوڵاتیانی کردوە بەخواردنەوەی زۆری ئاوو شله‌مەنییەکان‌و جێنەهێشتنی منداڵان‌و بەساڵاچوان لەناو ئۆتۆمبێل به‌داخراوى تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش، بەهۆی خێرا بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەکات.