هەڤاڵ عارف
لەدوای دەستبەکاربوونی زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، کە خاوەنی پاشخانێکی سەرمایەداری و بازرگانییە، جارێکی دیکە پرسی داڕشتنەوەی پەیکەری ئابووری وڵات هاتووەتەوە بەر باس و لێرە و لەوێ گفتووگۆی لەبارەوە دەکرێت، زیندووکردنەوەی ئەم پرسە، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هەمان ئەو کۆتوبەندە بونیادییانە دەبێتەوە، کە ڕێگر بوون لەبەردەم کابینەکانی پێشوودا، سەرەڕای ئەوەی کارنامەی سەرجەم سەرۆکوەزیرانەکان دروشمی هەمەچەشنکردن و بوژانەوەی ئابوورییان هەڵگرتبوو، بەڵام داتاکان دەریدەخەن تا چارەکی یەکەمی ساڵی (2026)، عێراق هێشتا بەڕێژەی زیاتر لە (88%) پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، کە سەرجەم ئەو کارنامانە تەنیا لە چوارچێوەی تیۆریدا ماونەتەوە و هەرگیز نەیانتوانیوە لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ بکرێن.
هەرچەند هێشتا کابینەی نوێ لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە و پێکهاتەکەی بەتەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە تاوەکو هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانە بۆ ئەدای کارکردنی بکرێت، بەڵام قووڵی قەیرانە ئەساسییەکان گومان دەخەنە سەر توانای دیدگایەکی بازرگانی بەتەنیا بۆ تێپەڕاندنی ئەم واقیعە، هەر ئەم بۆشاییەشە وایکردووە تا ئێستا هیچ نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژی یان هەنگاوێکی کرداریی گشتگیر بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی نەخرێتە ڕوو، مانەوەی ئەم دۆخەش سیناریۆی گەڕانەوە بۆ هەمان بازنەی داخراوی کابینەکانی پێشوو وەک ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو دەهێڵێتەوە.
سیناریۆکانی روبەڕوبونەوەی قەیرانی نەختینەیی:
گەورەترین ئەرکی ئێستای حکومەت، دۆزینەوەی دەرچەیەکە بۆ ئەو قەیرانە داراییە توند و کورتهێنانە نەختینەییەی، کە وڵات بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی دوای تێکچوونی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی لەسەر عێراق لەم نێوەندەدا، ئەگەری گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکاری کاتی وەک بژاردەی بەردەست دەبینرێت، لەوانەش دەستکاریی بەهای دراو و بەرزکردنەوەی دووبارەی نرخی دۆلار، کە پێشتریش لە کابینەکەی کازمیدا جێبەجێ کرا و دەرەنجامەکەی تەنیا دابەزینی هێزی کڕین و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان بوو.
لە پاڵ ئەمەشدا، ئەو بارگرانییە قورسەی، کە خەرجی مووچە و پاڵپشتیی دارایی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان ساڵانە لەسەر بودجەی بەکاربردن دروستی دەکەن، وای کردووە پرسی پێداچوونەوە و دەستکاریکردنیان لە پشت پەردەی گفتوگۆ داراییەکانەوە تاوتوێ بکرێت. بەڵام لە ئەگەری پەنابردن بۆ ئەم جۆرە بژاردانە لەژێر ناوی چاکسازیدا، ئەوا هەنگاوەکە تەنیا مامەڵەیەکی کاتییە بۆ پەردەپۆشکردنی کورتهێنانە داراییەکان لەسەر حیسابی داهاتی تاک، نەک نەخشەڕێگەیەکی بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردنی شێواوییە بنچینەییەکانی ئابووریی وڵات.
ئاستەنگ و رێگرییەکان:
گرفتە جەوهەرییەکە لەوەدایە، نەخشەی ئابووری عێراق بووەتە بارمتەی چەند هۆکارێکی ئاڵۆز و تەنیا بە گۆڕینی کارەکتەری یەکەمی جێبەجێکردن چارەسەر نابێت، چونکە پرۆسەی بڕیاردانی دارایی لە قۆرخکاری دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەتدا نەماوە و بەستراوەتەوە بە دوو فاکتەری سەپێنراوەوە، لەلایەکەوە بەهۆی دابەشبوونی سیاسی و چەند جەمسەرییەوە، سەرجەم جومگە ئابوورییەکان بەسەر ناوەندەکانی هێز و بەرژەوەندییە تایبەتەکاندا قۆرخ کراون، لەلایەکی دیکەشەوە، هەژموونی هەرێمی ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەیە، وڵاتانی دراوسێ کە ساڵانە بە بەهای دەیان ملیار دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق دەکەن، بەرژەوەندیی ستراتیژییان لەوەدایە عێراق وەک دەوڵەتێکی بەکاربەر و بازاڕێکی ساغکردنەوە بمێنێتەوە، هەر بۆیە، ئەم وڵاتانە لە ڕێگەی بریکارە ناوخۆییەکانیان و سەپاندنی جۆرێک لە پاشکۆیەتی بازرگانییەوە لە ژێرەوە کار بۆ لەباربردنی هەر هەوڵێک دەکەن، کە ئامانج لێی بونیادنانی پیشەسازیی ناوخۆیی و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری بێت.
هەنگاو و رێگەچارەکان:
لەژێر ڕۆشنایی ئەم ئاستەنگانەدا، دەربازبوون لەم قەیرانە بە پینەوپەڕۆی کاتی مەیسەر نابێت، چاکسازی ڕاستەقینە پێویستی بە نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژی هەیە، کە هاوکێشەی داهات و خەرجی بەتەواوی پێچەوانە بکاتەوە، بەدیوێکە دەبێت کار بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری و قوتاربوون لە داهاتی تاک سەرچاوە و تاک ڕێڕەوی هەناردەکردن بکرێت، بەدیویکی دیکەشدا، پێداچوونەوە و بچووککردنەوەی قەبارە و هەیکەلیەتی حکومەت، ئەم پرۆسەیەش حەتمییەتێک دەسەپێنێت بۆ کۆتاییهێنان بەو دامەزراوە و جومگانەی، کە تەنیا بۆ پاراستنی هاوسەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان دروست کراون، هاوتەریب لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتاران، وەزارەتەکان و سنووردارکردنی پۆستە ڕاوێژکاریی و پلە تایبەتەکان، بۆ سووککردنی ئەو بارگرانییە داراییە قورسەی، کە ساڵانە بەهۆی مانەوەی ئەم پۆست و پێگە ناپێویستانەوە دەکەوێتە سەر بودجەی دەوڵەت.
دەرەنجام:
لە کۆتاییدا، هەر هەنگاوێک بۆ ڕاستکردنەوەی ژێرخانی ئابووری، بەریەککەوتنێکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئەو دوو فاکتەرەی، کە قەوارەی دەوڵەتیان بە بارمتە گرتووە، تۆڕی قۆرخکارییە سیاسییە ناوخۆییەکان و هەژموونی وڵاتانی هەرێمی، ڕوبەڕوبونەوەی ئەمانەش پێویستی بە ئیرادەیەکی پۆڵاینی دەوڵەتداری و چەترێکی پتەوی یاسایی هەیە، ئالەنگارییە چارەنوسسازەکەی قۆناغی داهاتووش لێرەدایە ئایا کارەکتەرێکی وەک زەیدی، کە تەنیا پشت ئەستوورە بە پاشخانێکی سەرمایەداری، دەتوانێت ئەو بارە قورسە هەڵبگرێت و گڕوتین بۆ شادەماری ئابووریی وڵات بگەڕێنێتەوە؟ یان ئەویش وەک کابینەکانی پێشتر، لەبەردەم ئاستەنگە سیاسی و هەرێمییەکاندا پاشەکشە دەکات و تەنیا بە چەند دەستکەوتێکی دیپلۆماسی سنووردار و ڕێکاری کاتی ئابووری، کە باجەکەی ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر شانی هاووڵاتیان، کۆتایی بە خولەکەی دەهێنێت؟
