شارپرێس:
هەشت سەرچاوەی عێراقی بەئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز-یان وتوه، سوپای پاسدارانی
ئێران شانەی نهێنی نوێی لەعێراق پێکهێناوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ئەو وڵاتانەی
کەنداو کە هێزەکانی ئەمریکایان تێدا نیشتەجێیە، ئەمەش بەمەبەستی تێپەڕاندنی تۆڕی
گروپە چەکدارەکانی ئێستاو بۆ ڕێگریکردن لەئاشکرابونیان.
سێ سەرچاوە ئاماژەیان بەوەکردوە، سێ یان چوار شانە کە هەر یەکێکیان لەنزیکەی
10 شەڕکەری دهستهبژێرى شیعەی عێراقی پێکهاتونو ههر ئهم تۆڕهش لانی کەم حەوت
هێرشیان بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەناوچە بیابانییەکانی نزیک شارەکانی بەسرەو سەماوە لەباشوری
عێراقەوە بۆسەر ئامانجهكان لەکوهیت، سعودیەو ئیمارات لەنێوان 20ی نیسانو 17ی ئایاردا
ئەنجامداوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئهوهشى ئاشكراكردوه، ژمارەیەک لەئەندامانی ئەو شانانە سەر
بەو لایەنەن کە پێی دەوترێت بهرهى مقاوهمهى ئیسلامی لەعێراق کە هاوپەیمانێتییەکە
لەکوتلە شیعە توندڕەوەکان پێکهاتوەو هەزاران شەڕکەر لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەم گروپە
نوێیانە لەدەرەوەی پێکهاتەی فەرماندەیی خۆیان کاردەکەنو ڕاپۆرتەکانیان ڕاستەوخۆ بۆ
سوپای پاسدارانی ئێران بەرزدەکەنەوە، ئەمەش بهگوێرهى ئەو سەرچاوانەی کە دوو بەرپرسی
سەربازی عێراقی، بەرپرسێکی ئەمنیو پێنج سەرکردەی گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان لەخۆدەگرن.
پێنج سەرکردەکەی گروپە چەکدارەکان ڕایانگەیاندوە، پێکهێنانی شانە نوێیەکان
لەعێراق، کە پێشتر لەڕاگەیاندنەکاندا ئاشكرانەکراوە، ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لەشێوازی
کارکردنی سوپای پاسداران بەئامانجی پاراستنی توانای ئێران بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی
لەناوچەکەدا لەکاتێکدا گروپە چەکدارە دڵسۆزەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازبونو سەرچاوە
سەربازییو ئابورییەکانیان ڕوبەڕوی فشارێكى زۆر سهخت بونەتەوە.
لەعێراق ژمارەیەکی زۆر لەگروپه چەکدارەکان هەن کە زۆربهیان پەیوەندی بەهێزیان
لەگەڵ تاراندا هەیە، ئەو گروپانه کۆڵەکەیەکی سەرەکی پێکدەهێنن لەنێو (تەوەری بەرگریی)
هەرێمی هاوپەیمانی ئێران کە لەغەززەو لوبنانەوە تا یەمەنو عێراق درێژدەبێتەوە.
ئەو گروپانەی لەژێر چەتری بەرگری ئیسلامی لەعێراق (بهرهى مقاوهمه)دا
کاردەکەن، بەرپرسیارێتی خۆیان لەدەیان هێرش بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانو موشەک ڕاگهیاندوه
کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لەوڵاتەکەدا کردوەتە ئامانج؛ ئەمەش بوەته هۆی
کاردانەوەو لێدانی ئاسمانی کوشندە لەوکاتەوەی ئەمریکاو ئیسرائیل هێرشەکەیان بۆسەر
ئێران لە 28ی شوباتدا دەستپێکرد، بەڵام ئهو هێرشانه بۆسهر گروپە هاوپەیمانەکانی
ئێران لەناو سنورەکانی عێراق هاوشێوهى غهززهو لوبنان ڕوینەداوە.
ئهمهش لهكاتێكدایه، چەندین گروپى چهكدارى شیعە لهناوخۆى عێراق ئاماژەیان
بەئامادەیی خۆیان کردوە بۆ دەستبەرداربون لەچەکەکانیانو ڕوكردنهسهر سیاسەت بۆ
دورکەوتنەوە لەپەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا،
لهو ڕوهشهوه جاسم بەهادلی لیوای خانەنشینکراو لەسوپای عێراقو دوو پەرلەمانتاری
هاوپەیمانی شیعەی دەسەڵاتدار پێیانوایە، ئەم پێشهاتە ڕەنگە هانی سوپای پاسدارانی ئێرانی
دابێت بۆ دروستکردنی گروپێک کە لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی خۆیدابن.
دوو گروپیش لهوانه کە بریتین لەعەسائیب ئەهلی حەقو کەتائیبی ئیمام عەلی
ههر لەم مانگەدا ڕایانگەیاند، دەستدەکەن بەڕادەستکردنی چەکەکانیان بهدەوڵەت، ئەمەش
دوای هۆشدارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراق بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی
ئەو گروپە چەکدارانەی لەسەر خاکەکەی کاردەکەن.
بەهادلی کە شارەزای گروپە چەکدارە شیعەکانە وتویهتى، "ئەو گروپە نوێیانەی
لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دامەزراون، وادیارە قەبارەیان بچوکترەو لەڕوی ئایدۆلۆژییەوە
توندڕەوترنو زیاتر لەژێر کۆنترۆڵدان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پێویستی ئێرانە بۆ
پاراستنی سەرچاوەکانی لەنێوان گوشارە ئابورییەکاندا".
سهربارى ئهوهى، ئەمریکاو ئێران چوارشەممەى ڕابردوو ڕێککەوتنێکی کاتییان
بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ واژۆکرد، بەمەرجێک لەداهاتودا دانوستان لەسەر پرسە ئاڵۆزەکانی
وەک داهاتوی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بکرێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندوە،
پشتگیری تاران بۆ گروپەکانی بهرهى مقاوهمه، جێگەی گفتوگۆ نییەو ڕێککەوتنەکە
باسی ئەم بابەتە ناکات، لهو ڕوهشهوه وەزارەتی دەرەوەی ئێرانو نوێنەرایەتییەکانی
لەنەتەوەیەکگرتوەکان لەنیویۆرکو ژنێف هێشتا وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بەم ڕاپۆرتەیان
نەداوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەندینجار جەختی لەسەر چاوەڕوانییەکانی کردوەتەوە
کە حکومەتی عێراق ڕێکاری دەستبەجێ بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئامرازەکانی
چالاکییە تێکدەرەکانی ئێران لەعێراق، لەوانەش سوپای پاسدارانی ئێرانو گروپە چەکدارە
دڵسۆزەکانی ئێران لەعێراق.
لهکۆبونەوەیەکیشدا کە دوشەممەى ههفتهى ڕابردوو بەڕێوەچوو، عەلی زەیدیی سەرۆک
وەزیرانی نوێی عێراقو تۆم باراک نێردەی ئەمریکا، تاهوتوێی پلانەکانی عێراقیان
کرد بۆ دەستەبەرکردنی داماڵینی تەواوی چەکو هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان کە لەدەرەوەی
دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق کاردەکەن، هەروەها دەستەبەرکردنی بەکارنەهێنانی خاکی عێراق
لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بۆ هەڕەشەکردن لەئاشتی هەرێمی.
شەڕی ئێران، زیانی زۆری بەگرنگترین ناوچەی بەرهەمهێنانی وزە لەجیهاندا گەیاندوەو
بوەتە هۆی تێکچونی دابینکردنی پێداویستییەکانو بەرزبونەوەی توندی هەڵاوسان، تاران
لەوەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلدا گەروی هورمزی داخست کە نزیکەی پێنج
یەکی بارە جیهانییەکانی نەوتو غازی سروشتی پێدا تێپەڕدەبوو، هەروەها هەڵمەتێکی بەرفراوانی
هێرشی ئاسمانی بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانو موشەک بۆسەر وڵاتانی دراوسێی لهکەنداو دەستپێکردبوو.
بەرپرسانی عێراقی ڕایانگەیاندوە، سوپای پاسداران پەنای بۆ شانە نوێیەکان
بردوە بۆ ئەوەی توانایەکی لۆژیکی هەبێت بۆ نکۆڵیکردنو دورخستنەوەی بەرپرسیارێتی لەگروپە
سەرەکییەکانی سەر بەئێران لەوڵاتەکەدا، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا
لەسەر بەغدا بۆ داماڵینی چەکەکانیان، بەرپرسان ڕایانگەیاندوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق
زانیاریی سنورداریان لەسەر ئەو گروپانە هەیە، بەڵام کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی زنجیرەی
فەرماندەییەکانیان بۆ یارمەتیدان لەڕێگریکردن لەهێرشەکانی داهاتوو، ئاماژەیان بەوەشکردوە،
ئەم گروپانە شەڕکەرانی بژاردە لەخۆدەگرن کە خاوەنی ئەزمونن لەکارپێکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو
پەیوەندییەکاندا.
وهكو ڕۆیتهرز نوسیویهتى، تاران چەندین دەیەی بەسەربردوەو ملیارەها دۆلاری
خەرجکردوە بۆ بونیادنانی تۆڕی هاوپەیمانێتییە هەرێمییەکانی کە لەوکاتەوەی بزوتنەوەی
«حەماس» هێرشەکەی لەحەوتی تشرینی یەکەمی 2023 بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد، بەتوندی
لاواز بون.
ئیسرائیل لێدانی بەئازاری لەو بزوتنەوەیه لەغەززەو حزبوڵڵا لەلوبنان وەشاندوە،
لەکاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل گروپی حوسییەکانی لەیەمەن کردوەتە
ئامانج، بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشوی سوریا لەکانونی یەکەمی 2024 لەدەسەڵات لادرا، بەمەش
هێڵێکی گرنگی دابینکردنی پێداویستی بۆ گروپە چەکدارەکانی عێراق پچڕاو گۆشەگیریی
تاران زیاتربوو.
بۆ ئهوهش جاسم بەهادلی پێیوایە، لەبری پاراستنی تۆڕێکی فراوان لەگروپەکان
کە داراییەکی زۆریان لەعێراقدا پێدەگات، وادیارە ئێستا ئێران پشت بەژمارەیەکی
سنوردار لەکادیرە توندڕەوەکان دەبەستێت کە ئامادەن بەپاڵپشتی دارایی کەمتر کاربکەن،
بهڵام بەدڵسۆزییهكى زیاتر لهجارانى پێشوو.
چاودێرانى سیاسیى ئاماژهیان بهوهكردوه، گروپە نوێیەکان تاقیکردنەوەیەکی
پێشوەختە بۆ زەیدیی پێکدەهێنن کە مانگی ڕابردوو پۆستەکەی وەرگرت دوای گوشارەکانی ئەمریکا
لەسەر هاوپەیمانی سیاسی شیعەی باڵادەست بۆ ڕێگریکردن لەگەڕانەوەی نوری مالیکی سهرۆكى
هاوپهیمانى دهوڵهتى یاساو سهرۆك وهزیرانى پێشوتر کە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ئێراندا
هەیە.
بەغدا زۆر بەوریاییەوە لەسەر پەتێکی باریک لەنێوان دوو نزیکترین هاوپەیمانی
خۆیدا، واتە واشنتۆنو تاران دەڕوات، کە ئەم هاوسەنگییە لەکاتی شەڕدا قورستر بوە،
ئەو هێرشانەی لەعێراقەوە دەستپێدەکەن هەڕەشەی تێکدانی هەوڵە ماندونەناسەکانی بەغدا
دەکەن بۆ دوبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکانی لەکەنداو، کە لەدوای
داگیرکردنی کوهیت لەلایەن سەدام حوسێنەوە لەساڵی 1990 گرژیی تێکەوتبوو، بەڵام لەچەند
ساڵی ڕابردودا دەستی بەباشبون کردبوو، کوهیت، سعودیەو ئیمارات لەمانگی نیساندا نوێنەرانی
عێراقیان بانگهێشتکرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بهو هێرشانهى لهخاكى عێراقهوه
دهكرێتهسهریان.
