ژماره‌یه‌كى زۆر ته‌رم كه‌وتون‌و ئۆكرانیا ئاماده‌نییه‌ وه‌ریان بگرێته‌وه‌

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4793 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەی هێزەکانی (ئەحمەد)ی ڕوسی زانیاریى هه‌ستیار له‌باره‌ى ژماره‌ى قوربانیان له‌ڕیزى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئۆكرانیا ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "کیێڤ لەبەر شاردنەوەی قەبارەی زیان بەهێزەکانی، ئاماده‌نییه‌ تەرمی سەربازەکانی وەربگرێتەوە".


ئەپتی عەلائەدینۆڤ فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی (ئەحمەد)ی ڕوسیا ئاشكرایكردوه‌، حکومەتی کیێڤ ڕەتیدەکاتەوە تەرمی سەربازەکانی کە بەسەدان هەزاره‌ لەمەیدانەکانی جەنگداو به‌جێماون وەربگرێتەوە، بەتایبەت لەشاری (کۆنستانتینۆڤکا)، ئەمەش بەمەبەستی شاردنەوەی ئەو کارەساتە سەربازییەی بەسەریهاتوە.

فەرماندە ڕوسییەکە ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری جێهێشتنی تەرمی سەربازە ئۆکرانییەکان لەمەیدانەکانی جەنگدا، بۆ ڕاکردنی دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەگەڕێتەوە لەپێدانی قەرەبوی دارایی بەکەسوکاری کوژراوەکان، هاوکات بۆ شاردنەوەی ڕێژەی ڕاستەقینەی ئەو زیانە مرۆییە گەورانەیە کە بەر سوپاکەی کەوتوە، به‌گوێره‌ى خەمڵاندنەکان، کۆی گشتیی زیانەکانی ئۆکرانیا لەنێوان (کوژراو، دیل‌و کەمئەندامی جەنگ) دوو ملیۆن سەربازیی تێپەڕاندوە.

عەلائەدینۆڤ جەختیکردەوە، تەرمی سەربازە ئۆکرانییەکان بەدرێژایی بەرەکانی جەنگدا بڵاوبونەتەوە، لەوانەش لەپارێزگای (سۆمی) لەباکوری ئۆکرانیاو پارێزگای کۆرسکی سەر سنوری ڕوسیا، ئەو لێدوانانەی فەرماندەی هێزەکانی ئەحمەد دوای ئەوەدێت، وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا بەتەواوی کۆنترۆڵکردنی شاری ستراتیژی (کۆنستانتینۆڤکا)ی لەکۆماری دۆنێتسک ڕاگەیاند.

لەلایەکی دیکەوە، لایەنی ڕوسی ڕایگەیاندوه‌، لەچوارى ئه‌م مانگه‌وه‌ ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ڕێگەدان بەکشانەوەی تەرمی کوژراوەکانی کیێڤ لەوشارە، بەڵام لایەنی ئۆکرانی بەفەرمی پێشنیازەکەی ڕەتکردوەتەوە، ئەمەش وەک بەڵگەیەکی دیکە لەسەر هەوڵەکانی کیێڤ بۆ شاردنەوەی کارەساتە سەربازییەکەی لەبەر هۆکاری سیاسیی‌و دارایی.

هێزی تایبەتی (ئەحمەد)ڕووسی (کە بەهێزەکانی چیچان یان کادیرۆڤییەکانیش دەناسرێن)، پەیوەندیی بەڕێزگرتن‌و بەرزڕاگرتنی ناوی (ئەحمەد حاجی قادیرۆڤ)ه‌وه‌ هەیە، کە باوکی ڕەمه‌زان قادیرۆڤ (سەرۆکی ئێستای کۆماری چیچانی سەر بەڕوسیا)یه‌.

هۆکارە سەرەکییەکانی ناونانى ئه‌و هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌ى ڕوسیا بۆ ڕێزگرتنه‌ لەیەکەم سەرۆکی چیچان، ئه‌ویش ئەحمەد کادیرۆڤه‌، وانه‌ یەکەم سەرۆکی فەرمیی کۆماری چیچان دوای شەڕی ناوخۆیی، ئەو لەساڵی 2004 لەلایەن توندڕەوەکانەوە كوژرا، بۆیە ئەو هێزە وەک وەفایەک بۆ ئەو ناونراوە.

ئەحمەد کادیرۆڤ لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا دژی ڕوسیا شەڕی دەکرد، بەڵام دواتر لەساڵی 1999 هێڵی سیاسی خۆی گۆڕیی‌و چوە ڕیزی حکومەتی فیدراڵیی ڕوسیا (ڤلادیمێر پوتن) بۆ شەڕی دژی تیرۆر، ناونانی ئەو هێزەش بەناوی ئەو، هێمایە بۆ دڵسۆزیی ڕەهای کادیرۆڤییەکان بۆ مۆسکۆ.

چەکدارانی ئەو هێزە هەمیشە دروشمی (ئەحمەد هێزە ـ Akhmat Sila) دەڵێنەوە، ئەم ناوە تەنها بۆ سوپا نییە، بەڵکو لەچیچان ناوی یانەی تۆپی پێ، هۆڵی وەرزشی‌و چەندین پرۆژەی گەورەش نراوە "ئەحمەد".

بەپەلە