شارپرێس:
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕایدەگەیەنێت، بەداخەوە ئاستی گەندەڵی لەحكومەتی پێشودا ئاسایی نیەو لەمێژوی عێراقدا ئەو جۆرە تاڵانییە بونی نەبوە.
نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاند،" ئاستی گەندەڵی لەم قۆناغەدا تەنها گەندەڵی ئاسایی نییە، بەڵکو گەیشتوەتە ئاستی "فەرهود"و تاڵانکردنی سامانی گشتی، كەلەمێژوی عێراقدا بێ وێنەیەو لەهیچ حكوموتێكی دیكەدا وێنەی نەبوە".
مالیکی وێڕای ستایشی هەڵمەتی بەرەبەیان (صولە الفجر) کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەستیپێکرد، بەڵام جەختی کردەوە کە واقیعەکە پێچەوانەی بەڵێنەکانەو گەندەڵی لەکەرتی کارەبا و بەندەرەکان و زۆر شوێنی تر تەقیوەتەوە.
هاوكات، مالیکی بەرگری لەهاوپەیمانییەکەی خۆی کرد و وتی،"هیچ کەیسێکی گەندەڵی لەسەر دەوڵەتی یاسا تۆمار نەکراوە".
پێشتریش، نوری مالیكی پشتوانی تەواوەتی خۆی بۆ هەڵمەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبڕی.
ئەمە لەكاتێكدایە، هەڵمەتەكەی عەلی زەیدی، بۆ دەستبەسەركردنی گەندەڵكاران و گیڕانەوەی سامانی گشتی بەردەوامەو تائێستا بەنزیكەیی زیاتر لە 127 ملیار دیناری دزراوی جومەیلی دەستی بەسەردا گیراوە.