شارپرێس:
لەکاتێکدا ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیلو
لوبنان وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بەرەو هێورکردنەوەیەکی درێژخایەن نیشاندەدرێت، بەڵام
خوێندنەوەی بەراوردکاری بۆ ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان دەریدەخات کە تەلئەبیب لەگۆشەنیگایەکی
تەواو جیاوازەوە سەیری بابەتەکە دەکات.
لەناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا، باس لەکشانەوەی
ڕاستەقینە لەباشوری لوبنان ناکرێت، بەڵکو باس لەداڕشتنەوەی ژینگەی ئەمنیی سەر سنورە
باکورییەکان دەکرێت، ئەم مۆدێلە نوێیە لەسەر بنەمای سێ تەوەر کاردەکات: کشانەوەی بەمەرج،
چاودێریی ڕاستەوخۆی ئەمریکاو خستنەئەستۆی بەرپرسیارێتی ڕێگریکردن لەگەڕانەوەی حزبوڵڵا
بەحکومەتی لوبنان، هاوکات ئیسرائیل مافی دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ بۆ خۆی دەهێڵێتەوە،
لەهەر کاتێکدا هەستبکات مەرجە ئەمنییەکانی پێشێلکراون.
کشانەوەی بەمەرجو ناوچە تاقیکارییەکان
بهگوێرهى بەندەکانی ڕێککەوتنی چوارچێوەیی
کە ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" بڵاویکردوەتەوە، ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات
بۆ ڕادەستکردنی دوو ناوچەی تاقیکاری لەشارۆچکەکانی (فەرون)و (زوتر ئەلشەرقیە) لەدەوروبەری
نەبتیە بەسوپای لوبنان، بەڵام ئەم هەنگاوە جێبەجێناکرێت تاوەکو سوپای لوبنان ئامادەیی
تەواوی خۆی بۆ بڵاوبونەوە ڕانەگەیەنێتو فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)
ڕەزامەندی لەسەر دەستپێکردنی قۆناغی تاقیکارییەکە نیشان نەدات.
ئیسرائیل سەیری ئەم دوو ناوچەیە وەک سەرەتایەک
بۆ کشانەوەی گشتیی ناکات، بەڵکو وەک تاقیگەیەکی ئەمنیی دەیانبینێت بۆ تاقیکردنەوەی
توانای سوپای لوبنان لەسەر سەپاندنی کۆنترۆڵو ڕێگریکردن لەحزبوڵڵا بۆ دوبارە جێگیربونەوەی
هێزەکانی، ڕێککەوتنەکە جەختدەکاتەوە، هەر کشانەوەیەکی دیكهى داهاتوو بەند دەبێت بەئەنجامی
ئەم تاقیکردنەوەیەوە، نەک بەخشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو، هەروەها ڕێککەوتنەکە پاشکۆیەکی
سەربازیی ڕانەگەیەندراو لەخۆدەگرێت بۆ ڕێکخستنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، لەگەڵ پێکهێنانی
گروپی کارکردن بۆ زەمینەسازیی گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەیەکی گشتگیری ئاشتیو ئاسایش
لەنێوان هەردولادا.
ستراتیژیی نوێی ئەمنی
ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەگۆڕانکارییەک
دەکەن لەستراتیژیی نوێی ئەمنی ئیسرائیلدا؛ دوای ساڵانێک لەپشتبەستن بەسیاسەتی هێزی
ڕادەستکردنو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕاستەوخۆ، ئێستا تەلئەبیب مۆدێلێکی نوێ پەیڕهو
دەکات کە لەسەر بنەمای "پێش کشانەوە دڵنیابەرەوە" کاردەکات.
کۆبونەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانى
ئیسرائیل لەگەڵ سەرکردەی دامەزراوە ئەمنییەکان، تەنها بۆ باسی کشانەوە نەبوە، بەڵکو
جەختی لەسەر میکانیزمەکانی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکاو لایەنە نێودەوڵەتییەکان کردوەتەوە
لەکاتی جێبەجێکردندا، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئیسرائیل نایەوێت دەستبەرداری کۆنترۆڵی
ئەمنی بێت، بەڵکو دەیەوێت شێوازی دابەشکردنەکەی بگۆڕێت.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی "ئیسرائیل
هیۆم" ئاشکرایکردوە، تیمێکی سەربازیی ئەمریکی بەسەرۆکایەتی ژەنراڵ جۆزێف کلیفێڵد
گەیشتوەتە ئیسرائیل بۆ داڕشتنی میکانیزمی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو سوپای ئیسرائیلو
لوبنان، پێشئەوەی تیمی ناوبراو بچێتە بەیروت بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنەکان، ئەرکی ئەم
تیمە تەنها نێوەندگیری نییە، بەڵکو پێشکەشکردنی گەرەنتییە لەسەرئەوەی کە حزبوڵڵا
بنکەکانی لەو ناوچانەدا دروستنەکاتەوە کە هێزەکانی ئیسرائیلی لێ دەکشێنەوە، دامەزراوەی
سەربازیی ئیسرائیلیش جەختدەکاتەوە، سوپا لەناوچەکانی شریتی ئەمنیدا دەمێنێتەوەو لەداهاتویەکی
نزیکدا هیچ کشانەوەیەکی دیكه ئەنجامنادرێت تا دڵنیایی لەسەرکەوتنی ئەزمونی یەکەم
نەبێت.
ململانێی هەژمون
هەرچەندە ڕێککەوتنەکە وەک لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ
دەوڵەتی لوبنان پیشاندەدرێت، بەڵام گوتاری ئیسرائیلی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەیبەستێتەوە
بەئێرانەوە، ناتانیاهۆ-ش ڕێککەوتنەکەی بەزەبرێکی کوشندە بۆسەر ئێرانو حزبوڵڵا وەسفکردوه،
بەوپێیەی گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی بۆ سوپای لوبنان لەژێر چاودێری ئەمریکادا،
قەبارەی هەژمونی ئێران لەناوخۆی لوبناندا کەمدەکاتەوە، ئەم تێڕوانینەش بهبڕواى
چاودێران، دەریدەخات تەلئەبیب ئەم هەنگاوە وەک ڕێککەوتنێکی سنوریی نابینێت، بەڵکو
وەک بەشێک لەشەڕێکی فراوانتر بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێزە ناوچەییەکان دەبینێت، بەشێوەیەک
سوپای لوبنان (نەک حزبوڵڵا) ببێتە بەرپرسیار لەئاسایشی باشورو ئەمریکاش ببێتە گەرەنتی
کاریگەری ئەم هاوکێشەیە.
پاڵپشتی میللی لەناوخۆی ئیسرائیلدا
ئەم ئاراستەیەی حکومەت پاڵپشتییەکی بەرچاوی
لەناوخۆی ئیسرائیلدا هەیە، ڕاپرسییەکی "پێوەری دەنگی ئیسرائیلی" کە لەلایەن
پەیمانگای ئیسرائیل بۆ دیموکراسی لەنێوان 28ی حوزەیران تا 1ی تەمموزی 2026 ئەنجامدراوە،
دەریخستوە کە له72٪ی ئیسرائیلییەکان پاڵپشتی هێشتنەوەی شریتێکی ئەمنیی هەمیشەیی دەکەن
لەباشوری لوبنان، تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی پێکدادان لەگەڵ ئەمریکاشدا.
ئەم ئەنجامە تەنها ڕەنگدانەوەی هەڵوێستێکی جەماوەری
نییە، بەڵکو چەترێکی سیاسیی بۆ حکومەتی ئیسرائیل دابیندەکات تا بەردەوامبێت لەسەر
سیاسەتی کشانەوەی بەمەرجو بەستنەوەی هەر پێشڕەوییەک لەڕێککەوتنەکەدا بەڕادەی سەرکەوتنی
سوپای لوبنان لەکۆنترۆڵکردنی حزبوڵڵادا.
خوێندنەوەی ئیسرائیل دەریدەخات کە دەستپێکردنی
جێبەجێکردنی ئەوەی پێی دەوترێت "نەخشەی ئاشتیی"، لەحساباتی ئیسرائیلدا بەواتای
کۆتاییهاتنی بونی سەربازیی لەباشوری لوبنان نایەت، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لەبەڕێوەبردنی
ململانێکان، تەلئەبیب سنورەکان بەجێناهێڵێت، بەڵکو یاساکانی کۆنترۆڵکردنی دادەڕێژێتەوە؛
باری قورسی ئەمنی دەخاتە سەر شانی سوپای لوبنانو ڕۆڵی چاودێرو گەرەنتی دەداتە
واشنتۆن، لەکاتێکدا مافی ڕاگرتنی کشانەوە یان دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی
بۆ خۆی دەهێڵێتەوە ئەگەر هەستبکات حزبوڵڵا خەریکی گێڕانەوەی پێگەکانیەتی.
