شارپرێس:
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە دانیشتنێکی تایبەت بۆ تاووتوێکردنی چوار سکاڵا لەدژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سازدەکات، سکاڵاکان لەلایەن وەزیری دارایی فیدراڵ، بەڕێوەبەرانی گشتیی بانکەکانی (ڕافیدەینو ڕەشید)، لەگەڵ کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانییەوە تۆمارکراون.
ئەم دانیشتنە کە پێشتر لەسەر داوای حکومەتی هەرێم لە 10ی حوزەیراندا دواخرابوو، بۆ یەکەمجار شاهیدی ئامادەبونی تیمێکی یاساییو پارێزەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت کە تێیدا وەڵامنامەی فەرمیو بەرگرییەکانی خۆیان پێشکەشی دادگاکە دەکەن.
سکاڵاکارانی حکومەتی فیدراڵ داوادەکەن بڕیارێکی کۆنی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان (دەرچوی 24ی تشرینی دوەمی 1992) هەڵبوەشێنرێتەوە، بهگوێرهى ئەو بڕیارە، سەرجەم ئەو موڵکو ماڵانەی لەو سەردەمەدا بەناوی حکومەتی پێشوی عێراقو ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ڕژێمی بەعسەوە بون، گواسترابونەوە بۆ سەر خاوەندارێتی وەزارەتی داراییو ئابوریی هەرێمی کوردستان.
تیمی یاسایی هەرێمی کوردستان لەوەڵامنامەکەیاندا، بۆ پارێزگاریکردن لەشەرعیەتی بڕیارەکەی ساڵی 1992، پشتیان بەمادەی 141ى دەستوری هەمیشەیی عێراق بەستوە. ئەو مادە دەستورییە جەختدەکاتەوە، سەرجەم ئەو یاساو بڕیارانەی لەساڵی 1992وە لەهەرێمی کوردستان دەرکراون، بەکارپێکراوی دەمێننەوە تائەوکاتەی بهگوێرهى یاساکانی خودی هەرێمەکە هەموار دەکرێنەوە یان هەڵدەوەشێنرێنەوە.
