شواشى سزای 55 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1507 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دادگای پێداچونەوەى تونس، سزای 55 ساڵ زیندانیی بەسەر بیلال شواشی، یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی ڕێکخراوی قەدەغەکراوی "ئەنساڕوشەریعە"دا پەسەندکرد، دوای ئەوەی بەتۆمەتی تیرۆر، سەفەرکردن بۆ سوریاو شەڕکردن لەڕیزی گروپە توندڕەوەکاندا تاوانبار كرا.


به‌گوێره‌ى پەڕاوی دۆسیەکە، شواشی ڕوبەڕوی چەندین تۆمەتی قورس بوەتەوە، لەوانە: چونە پاڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی لەدەرەوەی تونس، وەرگرتنی مەشقی سەربازیی لەناوەوەو دەرەوەی وڵات بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوانی تیرۆریستی، لەگەڵ بەکارهێنانی خاکی تونس بۆ ڕاکێشان‌و دامەزراندنی کەسان بۆ ناو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

بیلال شواشی وەک یەکێک لەسەرکردە هەرە دیارەکانی ڕەوتی سەلەفی جیهادی لەتونس دادەنرێت، لەساڵی 2019دا، وەزارەتی ناوخۆی تونس ناوی ناوبراوی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەسوریا سەرەتا چوە ڕیزی "بەرەی نوسرە"و دواتر گواستییەوە بۆ ناو "داعش"، هاوکات بەبڕیاری لیژنەی نیشتمانیی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، سەرجەم دارایی‌و موڵک‌و ماڵەکانی سڕکرابون.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی تونس، شواشی پێشترو لەدوای ئەو تەقینەوە تیرۆریستییەی کە لەساڵی 2015دا پاسێکی هێزەکانی ئاسایشی سەرۆکایەتی تونسى کردە ئامانج، لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوتبوو و تێیدا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستیی زیاتری بۆ سەر وڵاتەکە کردبوو.