شارپرێس:
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، هێزەکانی، وەک وەڵامێکی سەرەتایی بۆ ئەوەی بە"پێشێلکردنی ئاگربرست لەلایەن ئەمریکاوە" ناویبردوە، 85 پێگەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکایان لەبەحرەینو کوهیت کردوەتە ئامانج.
بهگوێرهى بەیاننامەی فەرمیی سوپای پاسداران، هێزەکانی دەریاییو ئاسمانی لەپرۆسەیەکی هاوبەشدا بەموشەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشیانکردوەتەسەر بنكه سهربازییهكانى ئەمریکا لەبەندەری سەلمانو ناوچەی پێنجەمی دەریایی لەبەحرەین، هاوكات لەگەڵ بنکەی ئاسمانی عەلی ئەلسالم لەکوهیت.
لەبەیاننامەکەدا هاتوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لەجۆری MQ-9 خراوەتە خوارەوە کە ویستویەتی دەستوەردان لەپرۆسەکەدا بکات.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپای کوهیت وتویهتى، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەرپەرچی چەندین موشەکو درۆنی داوەتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەم ڕوداوانەشدا، زەنگی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەسەرتاسەری بەحرەین لێدراوە.
لەم چوارچێوەیەدا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژهى بهوهداوه، ئەوان پێشتر چەندین پێگەی ئێرانییان کردوەتە ئامانج، لەوانەش سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ڕادارو زیاتر لە60 بەلەمی بچوکی سوپای پاسداران.
سێنتکۆم جەختیکردەوە، هێزەکانیان لەدۆخی ئامادەباشیی تەواودان بۆ لێپرسینەوە لەئێران ئەگەر پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبێت.
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە توندە لەناوچەی گەروی هورمز لەکاتێکدایە، کە دوای جەنگەکەی 28ی شوباتی ڕابردوو، واشنتۆنو تاران لە 18ی حوزەیراندا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکردبوو لەڕێگەی نێوەندگیری قەتەرو پاکستانەوە سەرقاڵی دانوستانی قورسبون بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی.
