شارپرێس:
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای بۆ وردبینیکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان و خزمەکانیان پێکهێنا، کە وەک یەکەم هەنگاو پرۆسەکە لە پارێزگای دیوانییەوە دەستپێدەکات.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای بۆ وردبینیکردن لەهەموو تۆمارو بەڵگەنامەکانی فەرمانگەی تۆمارکردنی خانوبەرە لەپارێزگای دیوانیە پێکهێنا، دیوانییە وەک یەکەم وێستگەی ئەم هەڵمەتە دەستنیشان کراوەو بڕیاروایە لە قۆناغەکانی داهاتودا پرۆسەکە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بگرێتەوە.
ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە پشکنینی وردی سەرجەم مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرەیە لەپارێزگای دیوانییە، کە لەسەرەتای ساڵی 2022ـەوە تاوەکو ئێستا کراون. بڕیارەکە بەرفراوانەو سەرجەم ئەندامانی ئێستا و پێشوی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و خاوەن پلە باڵاکان دەگرێتەوە، بەجۆرێک لێکۆڵینەوەکە تەنیا بۆ بەرپرسان نییە، بەڵکو موڵک و ماڵی خزم و کەسوکاریشیان تاوەکو پلەی چوارەمی خزمایەتی دەگرێتەوە.