عێراق و تورکیا لەبارەی بۆڕی نەوتیی نێوانیان ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ دەکەن

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری وزەی تورکیا، ئەلپ ئەرسەلان بەیرەقدار ڕایگەیاند کە تورکیا و عێراق لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتننامەیەک سەبارەت بە هێڵی بۆریی نەوتی خاوی نێوانیان واژۆ دەکەن کە قۆناغی 12 مانگی داهاتوو دەگرێتەوە.

 
بڕیارە لە 27ی تەممووزدا وادەی کارپێکردنی ڕێککەوتننامەی پێشووی هێڵەکە کۆتایی پێبێت کە بۆ ماوەی چەندین دەیە هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی ئەو بۆرییەوە ڕێکدەخست.

بەیرەقدار لەمیانی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ بەغدا ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانی ئەم ڕێککەوتنە نوێیە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و رۆیشتنی  سەرجەم نەوتی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بەردەوام دەبێت.

ئەم هێڵی بۆرییە پێشتر بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لە کارکەوتبوو دوای ئەوەی دادگایەک تورکیای پابەند کرد بە پێدانی 1.5 ملیار دۆلار وەک قەرەبووی وەرگرتنی نەوتی عێراق بەبێ مۆڵەتی حکومەتی فیدراڵی لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018، بەڵام لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەیەوە دەستی پێکردووەتەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، بەیرەقدار لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق باسم محەمەد و سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کۆبووەوە.