حه‌یده‌ر عه‌بودى: سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا گرنگترین سەردانە لەدوای ساڵی 2003وە

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1874 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عێراق مەلەفی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن لەچوارچێوەی ئەمنییەوە دەگوازێتەوە بۆ کایەی وەبەرهێنانی ئابوریی، وتەبێژی حکومەتیش سەردانەکەی زەیدیی بەگرنگترین ڕوداوی دیپلۆماسی لەدوای ساڵى 2003وە وەسفدەکات.


حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، سەردانەکەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، لەسەر ئاستی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لەدوای ساڵی 2003وە بەگرنگترین سەردان دادەنرێت، وه‌فدى عێراقی چەندین مەلەفی ستراتیژیی پێیە کە نەخشەی داهاتوی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو واشنتۆن دیاریدەکەن.

عەبودی ڕونیکردەوە، ئەم سەردانە دیدگایەکی ئابوریی نوێی پێیە، کە ئامانجی گواستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق‌و ئەمریکایە لەچوارچێوەی هاوکاریی ئەمنی‌و ڕاهێنانەوە بۆ ئاسۆیەکی فراوانتری وەبەرهێنان، شەراکەتی ئابوریی‌و لێکتێگەیشتنی هاوبەش، بڕیاریشە تاووتوێکردنی ئەم مەلەفە ستراتیژییانە لەکۆبونەوەی نێوان عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران‌و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا دەستپێبکات.

وتەبێژی حکومەت جەختیشیكرده‌وه‌، مەلەفەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتداو شەڕی دژ بەگەندەڵی، دوو پرسی بنەڕەتین‌و بڕیاری تەواوی دەوڵەتی عێراقیان لەسەرە، چونکە سەرجەم دەسەڵاتەکانی وڵات بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی‌و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراق یەکتریان تەواوکردوە.

لەکۆتاییدا، عەبودی ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی کۆتایی ئەم هەنگاوانە، گەڕانەوەیە بۆ دەستوری عێراق کە دروستکردنی هەر جۆرە میلیشیایەک لەدەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارە فەرمییەکان قەدەغە دەکات.

ئه‌وه‌شى وت، "بنبڕکردنی گەندەڵی پێویستییەکی گرنگه‌ بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییە ناشەرعییەکان کە مەترسی لەسەر بەرژەوەندیی گشتیی حکومەت‌و گەل دروستدەکەن".