عێراق ڕێککەوتنی نوێی پڕچەککردن‌و ڕاهێنان لەگەڵ ئەمریکا واژۆدەکات

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1732 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عێراق‌و ئەمریکا ئامادەکاریی دەکەن بۆ قۆناغی دوای هاوپەیمانان لەڕێگەی واژۆکردنی چەند ڕێککەوتنێکی نوێی سەربازیی بۆ پڕچەککردن‌و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش زانیاریى گرنگ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەلێدوانێکدا له‌ئه‌مریكاوه‌ بۆ میدیاى عێراقى وتویه‌تى، "ئەمریکا هاوبەشێکی سەرەکی‌و گرنگی عێراقە لەشەڕی دژ بەتیرۆرداو لەقۆناغی داهاتودا هاوکارییە ئەمنی‌و سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر دەکرێن".

ئاشکراشیکرد، ئاڕاستەیەک هەیە بۆ دامەزراندنی هاوبه‌شییه‌كى دوقۆڵیی نوێ لەنێوان بەغداو واشنتۆن بەمەبەستی تەواوکردنی پرسه‌ ئەمنییەکان بەشێوازێک کە خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق لە 30ی ئەیلولی ئه‌مساڵدا کۆتایی دێت، بەڵام عێراق پێویستی بەبەردەوامیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا هەیە لەڕێگەی چوارچێوەیەکی نوێی هاوکارییەوە.

به‌وته‌ى نوعمان، "ئەم سەردانەمان بۆ واشنتۆن، واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتنی گرنگ لەخۆدەگرێت کە تایبەتن بەپڕچەککردنی هێزە عێراقییەکان، لەپاڵ پرسه‌كانى ڕاهێنان‌و پێشخستنی تواناکانی دامەزراوە ئەمنییەکاندا".
لە کۆتاییدا، سەباح نوعمان جەختی کردەوە کە حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ سەپاندنی سەروەری یاسا و جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری، قۆناغێکی زۆر گەورە و سەرکەوتووی بڕیوە لە مەلەفی کۆنترۆڵکردن و هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا.