شارپرێس:
گەڕانەوەی ڕوبەڕوبونەوە سەربازییهكانى نێوان ئەمریکاو ئێران، دەرگاى لەسەر سێ ڕێڕەوی سەرەکی كردوهتهوه کە ڕەنگە لەقۆناغی داهاتودا ئاراستەی سەقامگیریی داراییو بەهای دراو لەجیهاندا دیاریبکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە قەبارەی لێکەوتەکان چیتر تەنها لەسەر سنوری ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان نەوەستاوەتەوە، بەڵکو بەستراوەتەوە بەماوەی زەمەنی ململانێکە، داهاتوی هاتوچۆی دەریایی لەگەروی هورمزو توانای هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە پێشئەوەی بگۆڕێت بۆ سستبونی ئابوریی گشتگیرو ههڵاوسانێكى جیهانیى.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوەدێن، هێرشە سەربازییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا، کە زیاتر لە 90 پێگەی سەربازییان کردوهته ئامانج، نەخشەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکانیان سەرلەنوێ کێشایەوە، ئەمەش وای لەدامەزراوە گەورە نێودەوڵەتییەکان کردوه، لەپێشەنگیاندا سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF)و بانکی جیهانیی، هۆشداریی بدەن لەوەی، هەر شڵەژانێکی بەردەوام لەبازاڕەکانی وزەدا، هەڕەشە لەلەناوبردنی ئەو دەستکەوتانە دەکات کە بانکە ناوەندییەکان لەماوەی دوساڵی ڕابردودا لەکەمکردنەوەی هەڵاوساندا بەدەستیانهێناوە.
زیادبونی هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان
سندوقی نێودەوڵەتی دراو، پێشبینییەکانی خۆی بۆ گەشەی ئابوریی جیهان لەماوەی ئهمساڵدا جارێکی دیكه بەڕێژەیەکی کەم بۆ 3٪ دابەزاند، هۆشداریشیدا لەو مەترسییە بەردەوامانەی کە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو پێداچونەوە ئەگەرییەکانی بازاڕ سەبارەت بەژیریی دەستکرد دروستیاندەکەن.
پێشبینییەکانی بانکی جیهانی ئاماژە بەوەدەکەن، داخرانی گەروەکە بەتوندی بازاڕەکانی وزەی پەکخستوە، پێشبینیشدەکات تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لەساڵی 2026دا بگاتە 94 دۆلار، کە ئەمەش بەڕێژەی 36٪ بەرزترە بەراورد بەئاستی ساڵی 2025.
یەحیا سەید عومەر توێژەری ئابوریی ئاماژه بهوهدهكات، گەڕانەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ناوەوەی ئێران، نەخشەی سیناریۆ ئابورییە ئەگەرییەکانی سەرلەنوێ کێشایەوە، چونکە لێکەوتەکانی ململانێکە چیتر تەنها لەسەر نرخی نەوت ناوەستن، بەڵکو بازدهدات بۆسەر جوڵەی بازرگانی جیهانیی، تێچوی باری دەریایی، سیاسەتەکانی دراوو ئاسۆی گەشەکردن لەئابورییە گەورەکاندا.
ئهو توێژهره ئابوریه وتویهتى، "بەردەوامیی گرژییەکان دەوروبەری گەروی هورمز کە نزیکەی پێنج یەکی بازرگانیی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، وادەکات هەر پەرەسەندنێکی سەربازیی بتوانێت شڵەژانێکی بەربڵاو لەبازاڕەکاندا دروستبکات، بەتایبەتی بەهۆی ناجێگیریی ڕێڕەوەکانی دابینکردنی کاڵا لەسەر ئاستی جیهان.
سیناریۆی یەکەم: گەڕانەوەی هێوربونەوە
پێشبینییە نوێیەکان ئاماژە بەوەدەکەن، گرژییەکانی ئەمدواییە، باجی مەترسییەکانی لەبازاڕەکانی وزەدا بەرزکردوەتەوە، لەناوەڕاستی هۆشدارییەکان لەوەی کە هەر پەکخستنێکی درێژخایەنی هاتوچۆی دەریایی، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دابینکردنو نرخەکان دەبێت، بۆ ئهوهش شارهزایانى ئابوریى سێ سیناریۆی سەرەکی بۆ داهاتوی ئابوری جیهان دەخاتەڕوو، کە هەر یهكێكیان بهگوێرهى ئاڕاستەی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازییو داهاتوی هاتوچۆی دەریایی لەگەروی هورمزدا دەگۆڕێت.
سەرەڕای ئەوەش، باس لهوهشدهكهن، کۆتاییهاتنی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی بەواتای نەمانی دەستبەجێی شوێنەوارە ئابورییەکانی نایەت، چونکە بەرزبونەوەی تێچوی وزە، باری دەریاییو دڵنیایی لەماوەی شەڕەکەدا، لەسەر نرخی کاڵاو خزمەتگوزارییەکان بۆ ماوەیەک ڕەنگدەداتەوە کە ڕەنگە چەند مانگێک بخایەنێت، ئەمەش بەهۆی ئەوکاتەی کە زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی پێویستیانە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی خۆیان.
هەروەها ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئاماژە بەوەدەکات، بازاڕەکانی نەوت لەئەنجامی شڵەژانی جیۆپۆلەتیکی هاتونەتە ناو قۆناغی سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن، لەگەڵ گۆڕانکاریی لەئاستی خستنەڕوو و داواکاری جیهانیدا، کە ئەمەش وادەکات چاکبونەوەی تەواوەتی پرۆسەیەکی پلە بەپلە بێتو کتوپڕ نەبێت.
سیناریۆی نزیکتر: پەرەسەندنی کۆنترۆڵکراو
سەبارەت بەسیناریۆی دوەم، شارهزایان دهڵێن، لەقۆناغی ئێستادا بەگونجاوترینو لەبارترین سیناریۆی دەزانن، ئهویش بەندە بەبەردەوامیی ڕوبەڕوبونەوەکان لەژێر سەقفی پەرەسەندنێکی سنورداردا، ئەمەش لەڕێگەی هێرشی دولایهنهوه دەبێت بێئەوەی بگاتە داخرانی تەواوەتی گەروی هورمز، لەگەڵ بەردەوامیی بەشێکی گەورەی جوڵەی دەریایی لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا.
لەم سیناریۆیەدا، شارهزایان ئاماژه بهوهدهكهن، نرخی نەوتی خاوی برێنت پێشبینیدهكرێت، لەنێوان 95 بۆ 110 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکدا مامهڵهى پێوهبكرێت، لەگەڵ مانەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لەئاستێکی بەرزدا، بەڵام بەشێوازێک دەمێنێتەوە کە هێشتا دەکرێت کۆنترۆڵ بکرێت بێئەوەی بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی هەڵاوسانی گشتگیر.
هەروەها پێشبینیدەکرێت، ئەوروپا ڕوبەڕوی سستبونێکی ئابوریی تەکنیکیی سنوردار ببێتەوە لەئەنجامی بەرزبونەوەی تێچوی وزەو پاشەکشەی چالاکییە پیشەسازییەکان، لەکاتێکدا ئابورییە تازەپێگەیشتوەکانی هاوردەکاری نەوت، ڕوبەڕوی فشارە گەشەسەندوەکان دەبنەوە لەسەر دراوو بودجەی گشتییان.
دەشڵێن، "ئەم سیناریۆیە لەئێستادا ڕەنگدانەوەی هاوسەنگییەکی وردە؛ لەلایەکەوە واشنتۆنو تاران دەیانەوێت پێکەوە فشاری سەربازیی بەردەوام بکەنو دەستکەوتی سیاسیی بەدەستبهێنن، لەلایەکی دیكهشهوه هەردولا درک بەوەدەکەن، خلیسکانیان بۆ ناو شەڕێکی کراوە، تێچویەکی ئابورییو سەربازیی یەکجار بەرزی دەبێت، نەک تەنها بۆسەر خۆیان، بەڵکو بۆسەر تەواوی ئابوریی جیهان".
بهبۆچونى شارهزایانى ئابوریى، بەردەوامیی هاتوچۆی دەریایی بەشێوازێکی سنوردار، جۆرێک لەدڵنیایی بەبازاڕەکان دەبەخشێتو ڕێگریی دەکات لەڕودانی شۆکێکی نەوتی هاوشێوەی قەیرانەکانی پێشوو؛ ئەمەش سەرەڕای مانەوەی دۆخی ناڕونیو نادیاریی کە پاڵ بەوەبەرهێنەرانەوە دەنێت ڕێوشوێنی وریایی بگرنەبەر.
سیناریۆی مەترسیدارتر.. سستبونی ئابوریی جیهانیی ئەگەری
یەحیا سەید عومەر توێژەری ئابوریی هۆشداریدەدات لەسیناریۆی سێیەم کە بەمەترسیدارترینی وەسفدەکات، ئەویش خۆی لەگۆڕانی ڕوبەڕوبونەوەکە دەبینێتەوە بۆ شەڕێکی کراوە کە هاوشان بێت لەگەڵ داخرانی نیمچە تەواوەتی گەروی هورمز بۆ چەند مانگێکی لەسەریەک، وهكو وتویهتى، "لەم دۆخەدا ڕەنگە نرخی نەوت بەربەستی 130 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕێنێت، هاوکات لەگەڵ بەرزبونەوەی پێوانەیی لەنرخی گازی سروشتیدا، بەتایبەتی لەئەوروپا، ئەمەش وادەکات بانکە ناوەندییەکان هەر کەمکردنەوەیەکی ڕێژەی سود دوابخەنو فشارە هەڵاوسانییەکان زیادبکات، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان پاڵ پێوە دەنێت بۆ دابەزاندنی پێشبینییەکانی گەشەی ئابوریی جیهان بەشێوازێکی خێرا".
ئەو توێژەرە پێیوایە، مەترسیدارترین شت لەدیمەنی ئێستادا ئەوەیە کە ئەگەرەکانی گواستنەوە لەسیناریۆی دوەمەوە بۆ سێیەم، لەگەڵ هەر ڕۆژێک کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تێیدا بەردەوامبن بێ پێشکەوتنی سیاسیی، زیاد دەکات، چونکە هەر خولێکی نوێ لەهێرشی دولایهنه، ئاستی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان بەرزدەکاتەوەو تێچوی دڵنیاییو باری دەریایی زیاد دەکاتو کۆمپانیا جیهانییەکانیش پاڵ پێوە دەنێت بۆ سەرلەنوێ ئەنجامدانی حیساباتەکانیان سەبارەت بەوەبەرهێنانو زنجیرەکانی دابینکردن.
بازاڕەکان لەبەردەم ڕێڕەوێکی یەکلاکەرەوەدا
لەبەرامبەردا، دەرفەتەکانی گەڕانەوە بۆ سیناریۆی یەکەم کەمدەکەنەوە، ئەمەش بەهۆی فراوانبونی بۆشایی متمانە لەنێوان هەردولایەنی ململانێکەدا، کە ئەمەش ئابوریی جیهان دەکاتە بارمتەی پەرەسەندنە مەیدانییەکان زیاتر لەهەر کاتێکی تر.
ترهمپ گرەو لەسەر سوریا دەکات بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی ئێران.. ئایا دەبێتە جێگرەوەی گەروی هورمز؟
لەژێر ڕۆشنایی زانیاریىو لێدوانه فهرمیهكاندا، وا دیارە ئابوریی جیهان لەبەردەم خاڵێکی وەرچەرخانی چارەنوسسازدا وەستاوە؛ یان ئەوەتا دبلۆماسییەت سەرکەوتوو دەبێت لەکۆنترۆڵکردنی قەیرانەکەو گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ بازاڕەکانی وزە، یان پەرەسەندنی سنوردار بەردەوامدەبێت بەجۆرێک کە هەڵاوسان بەبەرزی بهێڵێتەوەو فشاربخاتەسەر گەشەکردن، یان ناوچەکە دەخلیسکێتە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی بەربڵاو کە گەورەترین شۆکی وزە لەماوەی چەندین ساڵی ڕابردودا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
تائێستا، ئاماژەکان زیاتر لەسیناریۆی دوەمەوە نزیکن، بەڵام ناسکیی دۆخی ئەمنی لەکەنداودا بەو واتایەیە کە هەر پەرەسەندنێکی مەیدانیی کتوپڕ، ڕەنگە ئاڕاستەی بازاڕە جیهانییەکان لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا بگۆڕێتو تەواوی دیمەنی ئابوریی نێودەوڵەتی سەرلەنوێ بکێشێتەوە.
