سەرۆکایەتی تورکیا له‌باره‌ى پرۆسەی ئاشتیه‌وه‌ زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2813 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا پەرلەمانی تورکیا نزیکدەبێتەوە لەوەرگرتنی پشوی هاوینەی خۆی، کێشەی کورد لەو وڵاتەدا وەرچەرخانێکی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت، پارتی یه‌كسانى‌و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە نوێنەرایەتی شەقامی کوردی دەکات لەپەرلەمانی توركیا، فشارەکانی بۆسەر حکومەتی ئاکپارتی چڕکردوەتەوە بەمەبەستی تێپەڕاندنی "یاسایەکی چوارچێوەیی" بۆ پرۆسەی ئاشتی‌و کۆمەڵگەی دیموکراسی، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بەململانێ چەکدارییەکان.


یاسای چوارچێوەیی؛ نەخشەڕێگه‌یەک بۆ چەکداماڵین
پڕۆژەیاسای پێشنیازکراو کە لەسەر بنەمای داواکارییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داڕێژراوە، وەک نەخشەڕێگه‌یەکی یاسایی سەیر دەکرێت بۆ چارەسەری نیشتمانی، ئەم یاسایە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ چەکداماڵینی گه‌ریلاكانى پەکەکەو تێکەڵکردنەوەیان بەکۆمەڵگەی مەدەنی، هاوشان لەگەڵ چاکسازیی دیموکراسی لەوڵاتدا. کوردان دەیانەوێت پێش دەستپێکردنی پشوی پەرلەمان لەم مانگەدا، ئەم یاسایە ببێتە واقیع.

نیازپاکی لایەنی کوردی‌و گومانی دواخستن
سەرەڕای هەوڵەکان، شەقامی کوردی هێشتا بەگومانەوە سەیری بەڵێنەکانی حکومەت دەکات، تولای حاتەم ئۆغۆللاری هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕەخنەی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە کردو ئاماژەی بەڕوداوێکی دەگمەن کرد کە تەمموزی ساڵی ڕابردوو ڕویدا؛ کاتێک 30 گه‌ریلاى پەکەکە لەدامێنی چیای پیرەمەگرون لەپارێزگای سلێمانی وەک نیشانەی نیازپاکی چەکەکانیان سوتاند.

ئۆغۆللاری جەختیکردەوە، ئەگەر حکومەت ئەو هەنگاوە ئەرێنییەی ساڵی ڕابردوی بەهەند وەربگرتایە، ئێستا پرۆسەکە لەقۆناغێکی زۆر پێشکەوتودا دەبوو، نەک ئێستاش کوردان لەدڵەڕاوکێی دواخستنی دوبارەی یاساکەدا بژین.

ئەنكەرە: پرۆسەکە گەیشتوەتە خاڵی بێ گەڕانەوە
لەبەرامبەردا، لایەنی فەرمی تورکیا دەیەوێت پەیامی دڵنیایی بدات، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکى تورکیا ڕایگەیاندوە، پڕۆژەی "تورکیای بێ تیرۆر" زۆر نزیکە لەوەی بخرێتە بەردەم پەرلەمان‌و ئامانجیش لێی، ڕزگارکردنی وڵاتە لەکێشەیەکی نیو سەدەیی.

هاوکات، محەمەد ئۆچوم ڕاوێژکاری باڵای یاسایی لەسەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی گەیشتوەتە "خاڵی بێ گەڕانەوە"و لەئێستادا تەنها پرسی خێرایی‌و وردەکاریی جێبەجێکردنەکە ماوە.

ناوبراو پێشبینیکردوە، پێش چونی پەرلەمان بۆ پشوی هاوینە، یاساکە پەسەندبکرێت.

ئێستا چاوەکان هەمویان لەسەر پەرلەمانی تورکیان؛ ئایا ئەنكەرە پێش کۆتاییهاتنی مانگی تەمموز هەنگاوە یاساییەکە دەنێت، یان دۆسیەکە جارێکی دیكه‌ دەخرێتە ناو ڕەفەی چاوەڕوانییەوە؟