شارپرێس:
وەزارەتی ڕۆشنبیریی‌و لاوان لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن‌و چاپ‌و بڵاوکردنەوە، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی سه‌رجه‌م دەزگاکانی میدیای بینراوو بیستراو ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "پێویستە بەتەواوی پابەندی بنەماکانی کاری میدیایی بن لەکاتی ڕوماڵکردنی ڕوداوە ئەمنییەکاندا".
وەزارەته‌كه لەگشتاندنێکی فەرمیدا کە بەهۆی بارودۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە، جەختی لەسەر چوار خاڵی سەرەکی کردوەتەوە، له‌یه‌كه‌میاندا هۆشداریدراوە کە بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ‌و زانیاریی ناڕاست لەسەر هێرشە درۆنییەکان کە ببێتە هۆی ترس‌و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان، قەدەغەیە، له‌دوه‌میشدا به‌بیرى میدیاكانى ده‌هێنێته‌وه، ناچارکراون کە ده‌بێت زانیارییەکانیان تەنها لەسەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن، له‌خاڵى سێیه‌میشدا هاتوه، "ڕێگریدەکرێت لەهەر ڕوماڵێک کە ببێتە هۆی گرانبونی نرخى كاڵا‌و شمه‌ك له‌بازاڕدا یان ببێته هۆى تێکچونی دۆخی بازاڕ یان دروستکردنی پشێویی ئابوریی".
له‌خاڵى چواره‌مى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریی ڕایگەیاندوە، "هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر ئەم بڕیارانەو ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2014، دەزگاکە ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی توند دەکاتەوە، بۆیه داوای لەمیدیاکان ده‌كه‌ین لەئاست ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەدابن بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات".
