شارپرێس:
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی، ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بەتەواوی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لەچوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئابادا ڕاگرت.
ئاژانسی ئیسنای ئێرانی، لەزاری کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە، ئاشکرایکرد، چیتر ئێران خۆی بەپابەند نازانێت بەو رێککەوتنەی کە پێشتر لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کرابوو.
وتیشی،" ئەمریکا بەکردەوە سەربازییەکانی، هەموو بەڵێنەکانی خۆی لەچوارچێوەی یاداشتی ئیسلامئاباد پێشێل کردوە، بۆیە ئێمەش تەواوی پابەندییەکانمان ڕاگرتوەو ئێستا خەریکی بەرگریین لەخاکی وڵاتەکەمان".
سەبارەت بەبونی هەر پەیوەندییەک لەگەڵ ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان، غەریبئابادی ئاماژەیدا،" ئێمە لەناو دانوستاندا بوین، بەڵام بەداخەوە ئەمریکییەکان پەنایان بۆ هێرشبردن برد، وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان ڕون و یەکگرتوە؛ بەرگری لەوڵات بەهەموو هێزێکەوە".
هاوکات جەختی کردەوە، "ئەمریکییەکان ئەگەر ژیربن، دەبێت رێگەیەک جگە لەبژاردەی سەربازی و شەڕ هەڵبژێرن، چونکە ئەم رێگەیە هیچ ئەنجامێکی نابێت".
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، سوپای وڵاتەکەی و سوپای پاسداران لەئامادەباشی تەواودان و تاوەکو ئێستا ئەمریکا وەڵامی کردەوەکانی وەرگرتوە، بەڵام وەک پێشتریش وتومانە، هەر هەوڵێکی نوێ باجێکی قورسی بۆ ئەوان دەبێت. ئێمە لەم قۆناغەدا تەنیا یەک رێگەمان لەبەردەمدایە، ئەویش پاراستنی سەروەریی وڵات و وانەدانە بەوانەی هێرش دەکەنە سەر ژێرخانەکانمان".