شارپرێس:
ڕیاز عودەی، ئەندامی لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمانی عێراق، ڕێککەوتنێکی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکای ئاشکراکرد بۆ دانەوەی پارەی قەرزی فرۆشتنی غازی ئێران لەڕێگای دابینکردنی
کەلوپەل و دەرمان و پێداویستیی مرۆیی، لەبری پدانەوەی پارەی نەختینە.
عودەی ئاماژەی بەوەدا کە ئێران نزیکەی
11 ملیار دۆلار لە عێراق داوا دەکات و بەشێک لەم پارەیە لە بانکە بازرگانییەکانی عێراقدایە،
بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە ناتوانرێت حەواڵە بکرێت.
هەروەک وتویەتی: گفتوگۆی بەردەوام
لەنێوان شاندەکانی عێراق و ئێراندا هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و دووبارە ڕواندنی
غازی ئێرانی بۆ وێستگەکانی کارەبا.
لەلایەکی دیکەوە، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران، عەبدولناسر هیمەتی، قەبارەی
شایستە داراییەکانی ئێرانی لە عێراق ئاشکرا کرد کە لە ئەنجامی هەناردەکردنی غاز و
کارەبادایە.
ناوبراو جەختی کردۆتەوە کە بانکی ناوەندیی ئێران نزیکەی 7 ملیار دۆلاری لە
عێراق هەیە و زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری دیکەش شایستەی وەزارەتی نەوتی ئێرانە، بەمەش
کۆی گشتیی پارەکە دەگاتە نێوان 10 بۆ 11 ملیار دۆلار.
بەپێی ڕێککەوتنەکان، عێراق پارەی غاز و کارەبا لە هەژمارەکانی بانکی ناوەندیی
عێراق و بانکی بازرگانیی دادەنێت.
بڕیار بوو پارەی غاز بە یۆرۆ و کارەبا بە دۆلار بدرێت، بەڵام کشانەوەی ئەمریکا
لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018 و سەپاندنەوەی سزاکان، ڕێگری لە عێراق کرد لە
دانەوەی ئەم قەرزانە بە دراوی بیانی، کە بووە هۆی کەڵەکەبوونی پارەکە لە سیستەمی
بانکی عێراقدا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی