گرژییەكان پەرەدەستێنن و ئەمریكا ڕێوشوێنی خێرا دەگرێتەبەر

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2244 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێنمایی ئەمنیی و کارگێڕیی نوێی ئاڕاستەی ژمارەیەکی زۆر لە نێردە دیپلۆماسییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە تا بەپەلە دەستبکەن بە جێبەجێکردنی پلانی فریاگوزاریی و کەمکردنەوەی ئاستی کارکردنیان بۆ کەمترین کارمەندی سەرەکیی.

ئەم هەنگاوەی واشنتۆن لەسەر بنەمای قۆڵبوونەوەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانە کە ئاماژە بە زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان دەدەن بەتایبەت لەلایەن موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییەوە.

 کەمکردنەوەی کارمەندەکان تەنها ستافی دیپلۆماسیی نەگرتۆتەوە، بەڵکو ڕاوێژکارانی تەکنیکیی، ئابوریی، و کارمەندانی ئاژانسەکانی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیشی گرتۆتەوە.

هاوکات سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاشکرایان کردووە کە هاوپەیمانی ناتۆ ئاگادارکراوەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی لە ڕزگارکردن و گوستنەوەی هاوڵاتیان، ئەمەش نیشانەی ئەگەری فراوانبوونی ئاڵۆزییەکانە بۆ ناوچە ئارامەکان.

 ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی پەککەوتنی نزیکەی تەواوەتی خزمەتگوزارییە کۆنسوڵگەرییەکان، ڤیزا، و چالاکییە ئابوریی و فەرهەنگییەکان، و تەنها دۆسییە هەواڵگریی و سەربازییەکان چالاک دەمێننەوە.

لە لایەکی ترەوە، ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و کشاندنەوەی خێزانی سەربازییەکان لە ناوچەکە، تاوەکو دەست کراوەتر بن بۆ لێدانی بەرپەرچدانەوە یان ڕوبەڕوبوونەوەی کردەوەی تۆڵەسێنەرەوە.

لای خۆیانەوە بەشێک لە چاودێران ڕایانگەیاندووە کە ئەم ڕێکارانە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ شکستی لۆژیکی دیپلۆماسی و ڕێگریکردنی خێرا، و واشنتۆن گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە ناوچەکە چۆتە ناو جەنگێکی تاقەتپڕوکێن و درێژخایەنەوە، بۆیە هەوڵی بەڕێوەبردنی مەترسییەکان و پاراستنی ناوخۆی وڵاتەکەی دەدات لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی