شارپرێس:
هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە بەبۆنەی پانزەی ئابەوە لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئۆجالان خوڵقێنەری سەرجەم بەها كۆمەڵایەتی، ئایدیۆلۆژی و مرۆییەكانی تێكۆشانەكەمانە، بۆیە ئازادیی جەستەیی ڕێبەرمان بۆ گەل و تەڤگەرمان پرسێكی یەكلاكەرەوە و دەستبەردارنەبووە".
لەڕاگەیەندراوەكەی هەپەگەدا هاتووە "ئەمڕۆ گەریلاكانی ئازادیی كوردستان و گەلی وڵاتپارێزمان تەواوی وزەی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی ئۆجالان تەرخان كردووە. هەر تێڕوانین و هەوڵێك كە ئازادیی ڕەهای ڕێبەر ئاپۆ نەكاتە بنەما، لە لایەن گەریلاوە هیچ بەهایەكی نییە".
دەشڵێت " وەسیەت و فەرمانی هەزاران شەهیدی ئێمە كە لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا لە دژی سیستمی ئەشكەنجەی ئیمڕاڵی و كۆپیلانی نێونەتەوەیی خەباتیان كردووە، لەسەر ئەم بنەمایەیە و هەر شەهیدێكمان بە دروشمی "بژی سەرۆك ئاپۆ" دوا هەناسەی داوە. ئێمە وەك گەریلاكانی ئازادی و شوێنكەوتووانی شەهیدان، ڕایدەگەیەنین كە تا بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بەرخۆدانی گەریلا و تێكۆشانی گەلەكەمان بە هەموو شێوازێك و بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت".