شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا پهیامێكى ئاگرین ئاراستهى
ئێران دهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "بەڵێن بێت کوشندەترینو توندترین هێرش بكهینهسهر
ئێران"، دهشڵێت، "تاران لەدۆخێکی زۆر خراپدایەو تەنها ژمارهیهكى
سنوردار لەهێزی سەربازیی بۆ ماوەتەوە".
دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ هەینی بەڵێنیدا
کە کوشندەترینو توندترین هێرش بكاتهسهر ئێران، ئەم لێدوانانەش وهكو چاودێران
باسیانكردوه، ڕەنگدانەوەی ئاراستەیەکی ئەمریکییە بەرەو پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان،
لەکاتێکدا کە نیشانەکانی فراوانبونی ململانێ هەرێمییەکان خەریکە ڕوندەبنەوە بەهۆی
تێوەگلانی بریکارەکانی تارانو زیادبونی مەترسییەکانی گۆڕانی ڕوبەڕوبونەوەکە بۆ شەڕێکی
فرەبەرە.
لێدوانەکانی ترهمپ ئاماژە بەوەدەکەن، واشنتۆن
چیتر باسی هێرشی سنوردار یان پەیامی هۆشداریکردنەوە ناکات، بەڵکو باسی هەڵمەتێکی سەربازیی
کراوە دەکات کە ئامانج لێی لاوازکردنو لهناوبردنى تواناکانی ئێرانە بەشێوەیەکی
پلە بەپلە، تائەوکاتەی سەرکردایەتی ئەو وڵاتە ناچاردەکات مەرجەکانی ئەمریکا لەپێگەیەکی
لاوازەوە قبوڵبکات.
ئەم پەرەسەندنە زارەکییەی کۆشکی سپی دوای چەند
هەفتەیەک لەهێرشی گۆڕینەوەی هێرشەکان لەنێوان هەردولادا دێت، هەروەها دوای شکستهێنانی
پرۆسەی دانوستانەکان کە ئامانج لێی گەیشتن بوو بەلێکتێگەیشتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی
ئێرانو ئاسایشی کەشتیوانی لەگەروی هورمز، ئەمەش وایکرد بژاردەی سەربازیی بگەڕێتەوە
بۆ پێشەوەی دیمەنەکە.
لێدوانەکانی ترهمپ لەکاتێکدادێن کە هێشتا لێکەوتەکانی
ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی ئەمدواییەی نێوان ئهمریكاو ئێران سێبەر بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت،
لەناوەڕاستی بەردەوامیی گرژییەکان لەکەنداوداو ئەو دۆسیانەی کە پەیوەستن بەبەرنامەی
ئەتۆمی ئێرانو ئاسایشی کەشتیوانی لەگەروی هورمز.
سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، "شەڕ لەگەڵ
ئێران بۆ ئەمریکا زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێتو ئامانجەکەش زۆر سادەیە، ئەویش ڕێگریکردنە
لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی، هێرشەکانیشمان بەشێکی زۆری توانای سەربازی
ئێرانیان لەناوبردوەو تاران تەنها ژمارهیهكى سنوردار لەهێزی بۆ ماوەتەوە، پێموایه
تاران ئێستا لەدۆخێکی زۆر خراپدایە".
ترهمپ تارانی تۆمەتبارکرد بەوەی، لەخولەکانی
پێشوی دانوستانەکاندا بەڕاستگۆیی مامەڵەی نەکردوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی
واشنتۆن پێیوانییە ڕێڕەوی دیپلۆماسی بتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت مەگەر لەگەڵ فشارە
سەربازییە بەردەوامەکاندا هاوتەریب نەبێت.
بهبڕواى شرۆڤهكاران، ئەم لێدوانانەى ترهمپ
چەندین دەرهاویشتەی سیاسییو سەربازیی لەخۆدەگرن، یەکەمیان ئەوەیە کە ئیدارەی ئەمریکا
هەوڵدەدات هاوکێشەیەک جێگیربکات کە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی هێزبێت بۆ لاوازکردنی
تواناکانی ئێران پێش گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان، بەشێوەیەک پێگەیەکی بەهێزتر
بدات بەواشنتۆن لەدانوستانەکاندا.
ههروهك بۆچونیشیان وایه، قسەکانی ترهمپ
لەسەر بەردەوامبونی هێرشەکان تائەوکاتەی ئێران دەگاتە قۆناغی بێدەسەڵاتی، ئەوە پیشاندەدات
کە ئامانجەکە تەنها هۆشداریدان نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ وشککردنی توانای سەربازییو
ناچارکردنی تاران بۆ پێشکەشکردنی سازش.
دەرهاویشتەی دوەمیش بهلاى چاودێرانهوه، خۆی
لەناردنی پەیامێکی دڵنیاکەرەوەدا دەبینێتەوە بۆ هاوپەیمانە هەرێمییەکان، بەوەی کە
ئەمریکا بەنیازی پاشەکشە نییە لەپابەندبونە ئەمنییەکانی سەرشانی، سەرەڕای تێچوی زۆری
ڕوبەڕوبونەوەکە، هەروەها جەختکردنەوەی ترهمپ لەسەرئەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان
ئەنجامی ئەرێنییان بەدەستهێناوە، ئامانج لێی نیشاندانی ئەوەیە کە ستراتیژی ئەمریکا
ئامانجەکانی دەپێکێتو دەستپێشخەرییەکە هێشتا لەدەستی واشنتۆندایە.
چاودێران بۆ ئهوهش پێیانوایە، گومانی ئەمریکا
لەجدیبونی ئێران لەکاتی دانوستانەکاندا، ڕەنگە ڕێگه خۆشبکات بۆ توندکردنەوەی فشارە
سیاسییو ئابورییەکان، لەپاڵ بەردەوامبونی بژاردەی سەربازیدا، ئەمەش وادەکات هەر
دانوستانێکی داهاتوو ئاڵۆزتربێت، بەتایبەتی لەژێر تیشکی بەردەوامیی ناڕونیو ناکۆکییەکان
لەسەر گەرەنتییەکانی پەیوەست بەئاسایشی کەشتیوانی لەگەروی هورمزو بەرنامەی ئەتۆمیی.
لەبەرامبەردا، پێدەچێت تاران سەیری ئەم لێدوانانە
بکات وەک بەشێک لەشەڕی دەرونی کە ئامانج لێی کاریگەریی دروستکردنە لەسەر لێکدانەوە
سیاسییو سەربازییەکانی، بەتایبەتی کە بەرپرسانی ئێران بەردەوام جەختدەکەنەوە، هێرشەکانی
ئەمریکا ئەو ئامانجانەی نەپێکاوە کە واشنتۆن ڕایدەگەیەنێتو ئێران هێشتا خاوەنی ئەو
توانایانەیە کە ڕێگەی پێدەدات وەڵامبداتەوە.
ئەمریکاو ئێران هێرشی سەربازیی بهرامبهر
بهیهكیان ئەنجامداوە، دوای ئەوەی واشنتۆن هێرشیکردەسەر ئامانجگەلێک لەناوخۆی ئێران،
لهههمانكاتیشدا تاران وەڵامیدایەوە بەبەئامانجگرتنی دامەزراوەو کەرهستە سەربازییەکانی
ئەمریکا لەچەند وڵاتێکی عەرەبیدا، لەوانە (ئوردن، بەحرەینو کوهیت)، ئەمەش دوای پەککەوتنی
ئەو دانوستانانە هات کە دوای یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆکراو لە 18ی حوزەیرانی ڕابردودا
ئەنجامدران، بەهۆی ناکۆکییەکانی پەیوەست بەئاسایشی کەشتیوانیی لەگەروی هورمز.
بەوپێیە، لێدوانەکانی ترهمپ ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی
گرەوی ئەمریکایە لەسەر کۆکردنەوەی نێوان فشاری سەربازییو فشاری سیاسیی بۆ سەرلەنوێ
داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز لەگەڵ ئێراندا، لەکاتێکدا کە دەرفەتەکانی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنێکی
گشتگیری دانوستان لەسەرکراو بەستراوەتەوە بەڕادەی توانای هەردولا بۆ تێپەڕاندنی لێکەوتەکانی
ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی ئەمدواییە، یان بەردەوامبونی لەچوارچێوەی خولێکی نوێی پەرەسەندنی
دولایهنه.
