شارپرێس:
کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ئەمریکا دەکاتو ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامیی گۆشەگیرکردنی تارانو خۆشکردنی ئاگری جەنگ لەناوچەکەدا، دەبێتە هۆی توندترکردنی ڕێکارەکانی داخستنی گەروی هورمزو چەندین دەروازەو گەروی ستراتیژی دیکەی جیهان، ئەمەش مەترسی جدی لەسەر بازاڕی وزەو ئابوری جیهانی دروستدەکات.
لەنوێترین پێشهاتە سیاسییو ئهمنیهكاندا، محەممەد باقر زوالقەدر ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند، بەردەوامیی ئەمریکا لەخۆشکردنی ئاگری جەنگ، دەبێتە هۆی توندترکردنی داخرانی گەروی هورمزو دەروازەو گەروە ستراتیژییەکانی دیکەش.
زولقەدر لەپەیامێکدا جەختیکردەوە، بەردەوامیی گەمارۆی دەریاییو سیاسەتەکانی ئەمریکا، زیانی گەورە بەئابوریی جیهانیی، بازاڕی وزەو بەکارهێنەرانو دەنگدەرانی ئەمریکی دەگەیەنێت.
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئید میلیباند وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، جەختی لەسەر ئیرادەی تاران کردەوە بۆ ڕێکخستنی میکانیزمی کارکردن لەگەڵ عومان بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کەشتیوانیی لەگەروی هورمزدا، هاوکات هۆشداریشیدا کە دەستوەردانی لایەنی سێیەم ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەکات.
گەروی هورمز یەکێکە لەگرنگترین شاڕێگە ئاوییەکانی جیهان کە نزیکەی پێنج یەکی (20٪)ی نەوتی خاوی بەکارھاتوی جیهانی پێدا تێدەپەڕێتو کەناراوەکانی لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە، چەندینجاریش تاران لەکاتی بەرزبونەوەی گرژییە سیاسییو سەربازییەکان لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، وەک کارتێکی گوشاری بەهێز بەکاریهێناوە بۆ هەڕەشەکردن لەبەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا.
هۆشدارییەکەی ئێران ڕاستەوخۆ دەستدەخاتەسەر خاڵە لاوازەکەی ئەمریکا، کە ئەویش کاریگەری بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنییە لەسەر دەنگدەرانو بازاڕەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، ئهمهش لهدواى پهیامهكهى دوێنێ ههینى دۆناڵد ترهمپ سهرۆكى ئهمریكا لهبارهى هێرشێكى وێرانكهر بۆسهر تاران.
