کەرکوک بوە ئەندامی یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورکی

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2503 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کورشاد زۆرلۆ جێگری سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیا، ئەندامبونی فەرمیی پارێزگای کەرکوکی لە(یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورکی) ڕاگەیاند، ئەوەش لەکۆبونەوەیەکی یەکێتییەکەدا لەشاری مەرعەشی  باکوری کوردستان.


زۆرلۆ ئاماژەی بەوەکرد، ئەندامێتیی کەرکوک بەشێوەیەکی کۆتایی پەسەندکراوەو ڕێگە خۆشدەکات بۆ فراوانکردنی هاوکاریی لەبوارە خزمەتگوزاریی‌و ئابورییەکاندا لەگەڵ شارەوانیی وڵاتانی تورکیدا.



ناوبراو کەرکوکی بە"نیشتمانی تورکمانەکان" وەسفکردو ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە پەیامێکە بۆ ئەو شارەوانییانەی پێشتر بەهۆکاری سیاسیی لەیەکێتییەکە کشاونەتەوە.

جگەلەوەش، بەرپرسە تورکەکە باسی لەوەکرد، پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" لەڕێگەی دەروازەی ئۆڤاکۆیەوە بەرەو تورکیاو ئەوروپا، تەوەرێکی سەرەکیی هاوکاریی ئابوریی نێوان ئەنكەرەو بەغدایە.



هەروەها جەختی لەگرنگیی بەشداریی کۆمپانیای نەوتی تورکیا لەکێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکدا کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان.

سەبارەت بە"یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورکی"، ڕێکخراوێکە لەشارەوانی‌و ئیدارە ناوخۆییەکانی تورکیاو ناوچە پەیوەندیدارەکان پێکهاتوەو ئامانجی ئاڵوگۆڕی ئەزمون‌و جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەشە.

بەپەلە