ئەمبەرین زەمان بۆ کورد: ئەمریکا هاوشێوەی ڕۆژئاوا بۆ بەرژەوەندیی خۆی لەباشور بوو ئێستاش پاتریۆتەکانی كشانده‌وه‌

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1422 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمبەرین زەمان ڕۆژنامەنوس‌و گەورە پەیامنێری ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر) لەپەیامێکی توندو ڕاشکاودا بۆ دۆستە کوردەکانی، جەخت لەڕاستیی ڕاپۆرتەکەی دەکاتەوە سەبارەت بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەهەولێر، ڕایدەگەیەنێت، واشنتۆن هاوشێوەی ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان، لەباشوریش تەنها لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بوەو ئێستاش بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە خشتەی کشانەوەی هێزەکانی‌و سیستمی بەرگریی پاتریۆتی خێراترکردوە.


ئەمبەرین زەمان ئاماژەی بەوەکردوە کە هەرچەندە لەبێهیوایی‌و دڵتەنگی دۆستە کوردەکانی تێدەگات کە نایانەوێت بڕوا بەم کشانەوەیە بکەن، بەڵام واقیعی سەر زەوی پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت.

ئەو جەختدەکاتەوە، زۆربەی هێزەکانی ئەمریکا کشاونەتەوەو سیستمی بەرگریی (پاتریۆت)یش ئیتر لەهەولێر نەماوە، بەڵکو تەنها هێزە تایبەتەکان لەچەند پێگەیەکی جیاوازدا ماونەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەنوسە، ئەمریکا بەهۆی هێرشە نەبڕاوەکانی ئێرانەوە پرۆسەی کشانەوەکەی پێشخستوە، لەکاتێکدا دەبوو به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا پرۆسەکە درێژەبکێشێت.

زەمان ئاشکرایدەکات، سەکۆکانی پاتریۆت گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە (کە ئەگەر هەیە ئوردن بێت)، چونکە کۆگاکانی پاتریۆتی ئەمریکا بەرەو تەواوبون دەچن‌و ئاستی بەرهەمهێنانیش لەواشنتۆن بەشی قەرەبوکردنەوەی زیانەکان ناکات.

له‌کۆتاییدا، زەمان پەیامێکی سیاسی قورس ئاراستەی سەرکردایەتی‌و شەقامی کوردی دەکات‌و دەڵێت، "ئەم دۆسیەیە لەبنەڕەتدا پەیوەندیی بەکوردەوە نییە؛ ئەمریکا تەنها بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لەعێراق‌و کوردستان بوو، ڕێک وەک ئەوکاتەی لەڕۆژئاوای کوردستان پشتی لەکورد کرد، ئێستاش پرۆسەی ئامادەبونی سەربازیی ئەمریکا لەعێراق تاڕادەیەکی زۆر کۆتاییهاتوە".

بەپەلە