شارپرێس:
باسم محەمەد خزێر، وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە لە سەرەتای مانگی ئابەوە تێکڕای هەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوتی خاو گەیشتۆتە 2 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا کۆی هەناردەی مانگی تەمموز نزیکەی 49 ملیۆن بەرمیل بووە.
وەزیری نەوت لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ پاریزگاری بەسرە رایگەیاند : ئێستادا چوار کەشتیی نەوتهەڵگر بە نەوتی خاوی عێراق بارکراون بۆ مەبەستی هەناردەکردن، و جەختیشی کردەوە کە زیاتر لە 85%ی بودجەی گشتیی عێراق پشت بە داهاتی هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت، و دامەزراوەکانی وەزارەت لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ زۆرترکردنی ئاستی هەناردەکردن.
سەبارەت بە پڕۆژەکانی تۆڕی بۆری نەوت و ستراتیژی هەناردەکردن، وەزیری نەوت ڕونیکردۆتەوە کە هاوپەیمانییەک لە کۆمپانیای شێڤرۆن (Chevron) و کۆمپانیای یو سی سی (UCC)ی قەتەری پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆرییەکی نەوت لە بەسرەوە بۆ فیشخابور جێبەجێ دەکەن، لەگەڵ هێڵێکی دیکە کە لە حەدیسەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بەندەری بانیاس.
هەروەک وتویەتی: ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە ستراتیژی حکومەت بۆ فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن، تا لە پاڵ گەرووی هورمزدا، بەندەرەکانی جەیهان و بانیاس بەکاربهێنرێن.
جەختیشی کردۆتەوە کە پڕۆژەی بەسرە – فیشخابور لە هەمان کاتدا نەوتی خاو بۆ سەرجەم پاڵاوگەکانی ناوخۆ دابین دەکات و هەناردەکردن بەهێزتر دەکات، کە ئەگەرچی پێشتر بەهۆی بارودۆخی داراییەوە دواکەوتبوو، بەڵام وەزارەت ڕژدە لەسەر تەواوکردنی.
