دۆزینەوەیەکی گرنگ لەبارەی بونی دەریایەکی گەورە لەژێر بیابانی ڕۆژئاوای میسر

هەمەڕەنگ

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 178 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زانایان بەڵگەی نوێیان دۆزیوەتەوە کە ڕوونی دەکاتەوە بیابانی ڕۆژئاوای میسر پێش زیاتر لە 70 ملیۆن ساڵ، بەشێکی زۆری لەژێر ئاوی دەریاچەیەکی خولگەیی گەرمدا بووە. 

ئەم دۆزینەوەیە دوای ئەوە هات کە تیمی توێژەران بە سەرپەرشتیی زانکۆی قاهیرە، 14 ددانی بەبەردبووی پێنج جۆری قرشی لەناوچوویان لە بەرزاییەکانی ئەبو تەرئور دۆزییەوە.

ئەم ناوچەیەی کە ئەمڕۆ بە یەکێک لە وشکترین ژینگەکانی جیهان دادەنرێت، لە سەردەمی تەباشیریدا ناوەندێکی زۆر دەوڵەمەند بووە بە ژیانی دەریایی و جۆرەها قرش، ماسی بچووک، بێبڕبڕەکان و خشۆکە دەریاییەکان تێیدا ژیاون. 

پێنج جۆرە قرشەکە پێشتر لەم ناوچەیەدا تۆمار نەکراون و دوو جۆریان، Serratolamna cf. serrata و Squalicorax bassanii، بۆ یەکەم جارە لە سەرانسەری میسردا دەدۆزرێنەوە. بەمەش ژمارەی جۆرەکانی قرش لەم شوێنەدا بوو بە 7 جۆر. 

توێژەران پێیان وایە شەپۆلە دەریاییەکان بەهۆی هێنانی ئاوی ساردی پڕ لە ماددەی خۆراکی لە قووڵاییەوە بۆ سەرەوە، ژینگەیەکی زۆر بەپیتیان بۆ گەشەی زیندەوەرە وردەکان ڕەخساندووە و زەنجیرەیەکی خۆراکی بەهێزیان دروست کردووە. 

لەو سەردەمەدا زۆربەی ڕووبەری میسر لەژێر ئاوی دەریاچەی تێپیسدا بووە. لەگەڵ تێپەڕبوونی ملیۆنان ساڵ و پاشەکشەی ئاوی دەریاکە، ئەم ژینگە دەریاییە نەماوە و تەنها ئەو بەبەردبووانەی لەنێو بەردە فۆسفاتەکاندا بەجێماون، وەک بەڵگەیەک بۆ تێگەیشتن لە مێژووی زەوی و دووبارە داڕشتنەوەی ژینگەی کۆنی ناوچەکە ماونەتەوە.