شارپرێس:
لەدوای ئاگربەستەکەی ساڵی 2022وە، وەزارەتی بەرگریی سعودیهو حکومەتی یەمەن دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانو هاوبەشیان لەژێر ناوی (بەرەبەیانی یەمەن) ڕاگەیاند؛ ئەمڕۆ دوشەممە زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی لەیەکەم کاتژمێرەکانی هێرشەکەدا زیاتر لە 320 پێگەی حوسیهكانیان لەناوخۆی سەنعای پایتەخت پێکاوە، هاوکات لەگەڵ پێشڕەوییەکی مەیدانیی قورس بەرەو کەناراوە ستراتیژییەکانی دەریای سور.
جوگرافیای سیاسیىو سەربازیی یەمەن ڕوبەڕوی شەپۆلێکی توندو نوێی پێکدادان دەبێتەوە، وەزارەتی بەرگریی سعودیەو هێزەکانی سەر بەحکومەتی شەرعیی یەمەن، لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێكى گهورهو فراوانى لهژێر ناوى (بەرەبەیانی یەمەن) ڕاگەیاند، وهكو ئاماژهى پێكراوه، ئامانجی سەرەکیو فەرمیی ئەم جوڵە سەربازییە گەورەیە، کۆتاییهێنانە بەچەکدارانی حوسیو گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆناو شاری سەنعای پایتەختو تەواوی ئەو ناوچە ستراتیژییانەی لەچەند مانگی ڕابردودا دەستیان بەسەرداگیرابوو.
بهگوێرهى داتا فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممەوە تائێستا، نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگی لەئاسمانهوه لهپێش هێزە زەمینییەکانی یەمەن هێرشیانكردوهتهسهر پێگهى چهكدارانى حوسیىو زیانێكى گهورهیان لێداون.
ئهوهش ئاشكراكراوه، تەنها لەسەرەتای دەستپێکی هێرشە ئاسمانییەکاندا، توانراوە 324 ئامانجی دیاریکراوو کۆگای چەک بەوردی بپێکرێنو پاراستنی ئاسمانیی گەروی نێودەوڵەتیی (بابولمهندهب) بەتەواوی بخرێتە ژێر چاودێریی هێزە هاوبەشەکانەوە.
هاوکات سەرچاوە مەیدانییەکان لەناوخۆی سەنعاوە، دەنگی چەندین هێرشی ئاسمانیی توندیان بۆ سەر مۆڵگەکانی حوسییەکان پشتڕاستکردوەتەوە.
لەسەر ئاستی جوڵەی هێزەکان لەسەر زەوی، یەکینەکانی سوپای حکومەتی یەمەن پێشڕەوییەکی بەرفراوانیان بەرەو ئەو ناوچانە دەستپێکردوە کە ساڵانێکە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندان، سەرچاوەكانیش ڕایانگەیاندوە، پێکدادانی قورس لەدەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی (زوباب) لەڕۆژئاوای پارێزگای تەعز بەردەوامەو هێزەکانی حکومەت توانیویانە چەندین هێڵی بەرگریی سەرەکی بشکێنن.
هاوكات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، ڕەشاد عەلیمی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن لەپەیامێکی فەرمیدا بۆ ڕای گشتیی، جەختی لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکە کردەوەو ڕایگەیاند، "بهرهبهیانى یەمەن بەئامانجی ڕزگارکردنی یەکجاریی سەنعای پایتەختو کۆتاییهێنانه بەکودەتای ئەو تاقمە نایاساییانە".
ئەم تەقینەوە سەربازییە کتوپڕە دوای ئەوەدێت، لەمانگەکانی ڕابردودا، حوسییەکان بەپاڵپشتیی تاران هەژمونی خۆیان بەسەر کەناراوەکانی دەریای سوردا سهپاندبوو، ئەمەش مەترسیی گەورەی بۆسەر ئاسایشی کەشتیوانیو هاتوچۆی بازرگانیی جیهانی دروستکردبوو، ڕاپۆرتەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم پڕۆسەیە، گەورەترین هەڵمەتی سەربازیی ئاسمانیو زەمینیی هاوپەیمانیی عەرەبییە لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2022 کە بەفەرمی کۆتایی بەقۆناغی بێدەنگیی بەرەکان هێنا.
